شنبه، تیر ۰۴، ۱۳۹۰

کێ بێ شعورە؟ بۆچی دەیهەوێت بێ شعور بمێنێتەوە!؟


بەشی دووەم:

هەر یەک لە ئێمە، لە قۆناغی ژیانماندا لەوانەیە لە گەڵ چەندین بێ شعور سەروکارمان هەبێت. یا خۆد لەوانەیە بێ شعوری لە ئێمەش دابوونی هەبێت،بەڵام ئاگادار نەبین. فۆرمۆلێک بۆ ناسینی وردی بێ شعورەکان لە دەستماندا نییە. بە هەمان شێوە کە مرۆڤەکان جۆراو جۆرن بێ شعورەکانیش هەروان. شێوەی چارەسەرکردنیشیان جیاوازی هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانێت ئەو تایبەتمەندیانە لە بێ شعورەکاندا بوونی هەبێت.
1.      خۆبەزڵزانێکی لە خۆبایی
2.      رق وکینەیەکی بێ سنوور
3.      خێرکەرێکی لە خۆبایی
4.      کەڵە رەق
5.      بەدەستهێنانی هێز و کەسایەتی بۆ خۆی بە بچوککردنەوەی خەڵکانی دیکە
6.      دوور کەوتنەوە لە تایبەتمەدیە مرۆیەکان
7.      سو ئیستفادەی بێ بەزییانە لە مرۆڤە سادە و دڵ پاکەکان
شێوەیەکی گشتی بۆ ناسینی بێ شعورەکان ئەو هەڵس و کەوت و رەفتارە قزێونانەیە کە مرۆڤی       بێ شعور بە شێوەیەکی ئاگاهانە و ئیرادی لە خۆی نیشاندەدات و دەبێتە هۆی پەکخستنی کارو ئیستراحەتی کەسانی دەوروبەری، لەوەش کە بۆتە هۆی ئازار و نارەحەتی بۆ کەسانی دەوروبەری خۆشحاڵە.
 لەوانەیە زۆرکەس لە بەکارهێنانی واژەی بێ شعوری گلەیان هەبێت، تەنانەت دوکتۆرەکانیش، چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی بریندارکردنی هەستی نەخۆشەکە، بەڵام لە روانگەی دوکتۆر خاویر کرێمنێت پێچەوانەی ئەو بۆچونەی قەبووڵە. دوکتۆر کرێمنێت پێی وایە کە بێ شعورەکانی هیچ هەستێکیان نییە کە ببێتە هۆی بریندارکردنی هەست و ئێحساسیان.
لە راستیدا، دەبێت ئێمە لەو حقیقەتە ئاگادار بین کە دیدو بۆچونمان سەبارەت بە بێ شعورەکان جۆرێک بێت کە وەک نەخۆشێک سەیریان کەین نەک وەک کەسانێکی بێ ئەدەب. خۆویستی وتموعی بێ شعورەکان بۆ خۆگەورە نیشاندان و خۆدەرخستنی خۆیان بە بهای شکاندنی کەسایەتی  و سەرکۆنەکردن و خستنە ژێر کۆنترۆلی کەسانی دیکە، هاوسەنگی دەرونی بێ شعورەکان تێکدەدات و دەبێتە هۆیەک بۆتووشبوون و رۆچونی لە گێژاوی بەدبەختی بۆخۆی و ئازار و نارەحەتی  بۆ کەسانی دەوروبەری، تا ئەو کاتەی کە بێ شعورێک دان بە بێ شعوری خۆی دانەنێت لەو گێژاوەدا دەمێنێتەوە.
مێژووی بێ شعوری:
بێ شعورەکان لە درێژایی مێژوودا بوونیان هەبوە، ئێستاکە ژمارەیان زیادی کردووە. ئەوەی کە زۆر پێویستە کە لە مێژووی بێشعورەکان بیزانی هەر ئەوەیە.
نیشانەکانی بێ شعوری:
ئەپیدمۆلۆژی بێ شعورەکان ئەوە دەردەخات کە کەسانێکی زۆر مەترسی تووشبونیان بە بێ شعوری هەیە. زۆر یەک لە خەڵکان خەریکی ئەنجامدانی ئەوکارانەن کە پێویستیان زۆر بە ئیستیعداد و بهرەی هۆشی نییە، وەک وتاربێژانی ئەخلاقی و کارمەندانی پشت مێزنشین،...
لێرەدا دوکتۆر خاویر کرێمنێت لیستێکی لە کتێبەکەیدا ئامادە کردووە کە زۆرتر مەترسی تووشبوونیان بە بێ شعوری لێدەکرێت.کە من لە خوارەوە ئاماژە بە هێندێک لەو ناوانە دەکەم.
1.     ئەفسەرەکانی هاتوچۆ
2.     دادوەرەکانی دادگا
3.     ئەو خەڵکانەی لە شارە  دوکەڵاوی  وپڕ حەشیمەتەکان وەک تاران و نیۆیۆرک ژیان دەکەن.
4.     کەسانێک بە زۆر دەیانهەوێت خەڵک بۆ رێگەی راست هیدایەت بکەن.
5.     دەروونناسان
6.     ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا
7.     دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران
8.     ئەوانەی کە دەنگی زەبتی ماشێنەکەیان زیاد لە سنوور زۆر دەکەن.
9.     ئەو کەسانەی کە کاتی خواردنی چێشت ونان خەریکی قسەکردن و موناقشەن.
10.     دیکتاتۆرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست
زیاتر لە هەموو ئەو کەسانە کارمەندانی بیمە و مالیات مەترسی تووشبونیان بە بێ شعوری لێدەکرێت.
دوکتۆر ئێچ ئێم رۆید لێکۆلینەوەیەکی سەبارەت بەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی بێ شعوری دەبن کردووە کە ئەوێ دەسەڵمێنێت کە زۆرتر ئەو وتاربێژانە و سیاسەتوان و پزشکانەی کە گەیشتوونە پلە و پایە و لەم بوارەدا پسپۆریان وەرگرتووە لە ژێر کاریگەری بێ شعوری بووە کە گەیشتونەتە ئەو پلەیە، لەو رێگەیەوە ویستویانە بە سەر خەڵکدا زاڵ بن.
زۆریەک لە منداڵانیش  مەترسی تووشبوونیان بەو نەخۆشیە هەیە کە دایک و باوکێکی بێ شعوریان هەبێت. ئاسانترین و باشترین رێگە بۆ ناسینی کەسانی بێ شعور خستنە ژێر کۆنترۆلی هەڵس وکەوتی خۆویستانە و رەفتاری قۆڵدۆرانەی وانە کە ئەگەر نەتوانن لە رێگەی تۆقاندن و ترساندنی کەسانی دیکە کار و بەرنامەکەیان سەرخن و بەرەو پێشەوەی بەرن ئەوە لە رێگەی فێل و تەڵکە ئەو کارە دەکەن. لە کاتی پێویستیشدا دەست دەوەشێنن و هەرچی لە ژێر دەستیان بێت فڕێدەدەن و دەیشکێنن و دەنگ بڵیند دەکەن و دەیان هەوێت بە هات وهاوار کارەکانیان پێش خەن. هێندێک جاریش خۆیان مەزڵوم نیشاندەدەن. نیکتا خروشچێف نموونێکی بەرچاوی ئەو بێ شعورە جیهانیانەیە کە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کەوشەکەی هەڵگرت و لە مێزەکەی دەدا.
ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە دەبێت ئەو تابۆیە بشکێنین و ئەو کەسانەی کە نیشانەکانی مرۆڤێکی بێ شعوریان تێدایە، پێیان بڵێین، تا کو پێش هەڵس و کەوتی ناحەزەکانیان بگرین و لە ژمارەیان کەم کەینەوە.
ئێمە دەبێت وەک نەخۆشێک سەیری بێ شعورەکان بکەین بۆ چارەسەرکردن و دەرمانیان هاوکاریان بین تاکو جیلەکانی دوای ئێمە زیاد تووشی ئازار و نارەحەتی بە دەستی بێ شعورەکان نەبنەوە.

پنجشنبه، تیر ۰۲، ۱۳۹۰

بێ شعوری!



بەشی یەکەم:

لەوەی کە جیرانەکەتان پاشماوەی خواردنەکانی لە تەنیشت ماڵ و سەر شەقامی نزیک ماڵتان فرێدەدات، نارەحەتی؟ ئایا ئەگەر هاورێیەکتان بە بەردەوامی و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێش وەخت بێتە ماڵتان و لە کات و پشودانت بگڕێ گلەیت هەیە؟ ئایا بۆتان پێش هاتووە کە کارێکتان لە دایرێکی دەوڵەتی یان کۆمپانیایەک بۆ بێتەپێش وئەورۆ و سبەی پێت بکەن؟ ئایا لە گوێ گرتنی ئەو سیاسەتمدارانە کە بەردەوام قسە دەکەن و هێچ کردەوەیەکیان نییە لە بەرانبەر ئەو بەڵێنیانەی کە دیدەن، دڵگرانیت؟ هەڵس و کەوتان لە گەڵ خێزانەکەت چۆنە، ئایا شەهامەتی دڕبرینی بیر و بۆچونەکانتان لە گەڵی هەیە؟ ئایا لە دەست هەڵس و کەوتی منداڵەکانتان نارازین؟
ئەگەر وڵامی ئەو پرسیارانەت ئەرێیە، دڵگران مەبە چونکە تۆ لە گەڵ ژمارەیەک بێ شعور سەر و کارت هەیە. لەمبارەیەوە کتێبێک هەیە کە دوکتۆر خاویر کرێمنێت بە ناوی asshole no more  نووسیویەتی کە من بە شێوەیەکی کورت پوختەیەکی کتێبەکەتان لەم بابەتەدا بۆ باس دەکەم کە هیوادارم کەڵکی لێوەرگرن.
لەوانەیە بێ شعوری جۆرێ نەخۆشیەک بێت وەک نەخۆشیەکانی دیکە کە پێویستی بە پێشگرتن و چارەسەری هەیە. هەرچەند نەخۆشیەک زۆرتر و باوتر بێت رێگەی بەرەنگاربوونەوی لە گەڵ چونیەتی ریشەکێشکردنی زیاترە، بەڵام بێ شعوری گەورەترین کێشەی مێژووی مرۆڤایەتییە کە تاکو ئێستا رێگەی چارەسەرکردنی زانستیانەی بەشێوەیەکی بەرچاو نەخراوەتە خزمەت کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. بێ شعوری گەوجیەتی نییە، بەڵکو بێ شعورەکان نسبەت بە مرۆڤە نۆرماڵەکان هۆش و ئیستیعدادی زیاتریان هەیە! خۆویستی، دەستدرێژی بۆ ماڤی خەڵکانی دیکە بە شێوەیەکی ئاگاهانە، خۆبەزڵزانین بناغەی کەسایەتی بێشعورەکانە. بێ شعورەکان ئەگەر لە ئاست باردۆخی کۆمەڵایەتی وئابووری وسیاسی نسبەت بە کەسانی دیکە باشتر نەبن خەراپتر نین.
پزشکێک کە مافی قسەکردن بە نەخۆشەکەی یا کو هاورێکانی نەخۆشەکە نادات یان سیاسەتوانێک کە بە زیرەکی خۆی لە ناهوشیاری و نەخوێندەواری خەڵکانی دیکە بۆ بەرەوپێشەوەچوونی بەرنامەکانی خۆی کەڵک وەردەگرت و وعدە وقەوڵ وبەڵێنی بەدرۆیان دەداتێ وسو ئیستفادە لە عەقلی ناهۆشیاریان دەکات. هیچکام لەوانە لە رووی گێلیایەتی و نائاگاهانە ئەو کارە ناکەن، هەروەها ئەو کەسەی بوتڵە پیپسیەکەی لە ماشێنەکەی را فرێدەداتە سەر شەقام یا ئەو جیرانەتان کە پاشماوەکانی دەخاتە جۆگەی بەر ماڵتان. هیچکام لەوانە لەرووی نائاگاهی  ونەزانین لە پیس بوونی شەقام و جۆگەی ئاوەکە ئەو کارە ناکات.
لە راستیدا، لە درێژایی مێژوودا هەمو ئەو کارەساتانەی کە مرۆڤایەتی تووشی بووە لە لایەن کەسانی نەخوێندەوارو نەزان نەبووە، بەڵکو لە لایەن ئەو بێشعورانەوە بووە کە خۆبەزڵزانین و زۆرویستنیان و گەیشتن بە ئارزوەکانیان  لەهەرکارێکی نارەوا و دژە مرۆڤایەتیان سڵیان نەکردۆتەوە، تەنانەت لە دەستدرێژی بۆ ماڵ و نامووسی خەڵک لە هیچ کردەوەیەک خۆیان نەپاراستووە. نموونەی هەرەبەرچاو ئەو رێبەر و جەنایەتکارانەی کە مێژووی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە دیتوون.
لە دوونیای مودێرن و سەردەمی ئێستادا، لە گەڵ چوونە سەری رەفا و خۆشگوزەرانی و چونەسەری ئاستی خوێندن و زانست بێشعورێکی زۆر لەدایک بوون.تەنیا پێویستە کە سەیرێکی سەرسەری دەورو بەرت بکەیت بۆت دەردەکەوێت کە زۆرتر تئوریسین و پیاوکوژکان لە زانکۆکان سەریان هەڵداوە.
دوکتۆر خاویر کێرمنت ئەو ناو نیشانەی  کۆمێدییەی بۆ کتێبەکی داناوە تا مرۆڤ لە ئاست ئەو راستیە تاڵ و ژانهێنەرە تێ بگات و بە ئاگا بێتەوە.
خاویر کرێمنێت لە کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە بێ شعوری جۆرە ئیعتیادێکە وەک باقی ئیعتیادەکانی بە ئەڵکۆڵ و ماددە بێ هۆشکەرەکان کە ئاکامی خراپی بۆ سەر کەسەکە و ئەوکەسانە هەیە کە لە کۆمەڵگادا لە گەڵی دەژین. خەراپترین تایبەتمەندی ئەو ئیعتیادە ئەوەیە کە خودی کەسەکە زەرەیەک لە بێ شعوری خۆی خەبەردار نییە.




سه‌شنبه، خرداد ۳۱، ۱۳۹۰

مردووەکانی کەنار ئاگر!


پیاوە تازەکە هەر لە شەوی یەکەمەوە، شەهامەتی هاتنە دەرەوەی لە قەبرکەی نەبوو!
نەیدەزانی کە  کاتێک مردوەکانی دیکە لە بوونی ئەو خەبەردار بن، چ بەڵایەک بە سەردەهێنن؟ چونکە قەبرستان پڕ لەو کەسانە بوو کە ئەو ببۆ هۆی مردنیان. ئەوانەی کە لە شەقام گوڵلەیان بەرکەوتبوو، ئەوانەی کە لە سێدارەدرابوون، ئەوانەی کە گوڵەباران کرابوون، ئەوانەی کە بە دەستوری ئەو کوژرابوون و ئەوانەی کە لە ژێر شکەنجەی پیاوانی ئەو گیانیان لە دەستدابوو.
مردووەکان عادەتیان بوو کە هەموو شەوێ لە قەبرەکانیان بێنەدەرێ و ئاگڕێک بکەنەوە و لە دەوری کۆ ببنەوە و دیدار تازە کەنەوێ و دەستە  سەرد وئێسکاویەکانیان پێ گەرم کەنەوێ.
لە سەر تاشە بەردەکانی قەراغ ئاگرەکە، دوو دوو لە پەنای یەک دادەنیشتن و سەریان دەخستە سەر شانی یەکتر و بە هەر بهانەیەک یەکتریان ماچ دەکرد.هێندێکیان دەستیان دەخستە ناو دەستی یەکەوە بە ناو قەبرستانەکەدا پێیاسەیان دەکرد. هێندێکیشیان لە باوەشی یەکتردا درێژ دەبوون و سەریان دەخستە سەر سینگی یەکەوە بۆ ئەوەی بزانن کە دڵی کامیان باشتر و خێراتر لێدەدات. چەند کەسێکیشیان کە پێکەوە کەپڵ بوون دەگەران بۆ ئەوەی قەبرێکی چۆڵ بدۆزنەوە و کەمێک لە خەڵوەتی خۆیاندا دەردی دڵ بکەن.
دوو مردوو لە ناویاندا هەبوون کە هەموو شەوە، رووبەرووی یەکتر دادەنیشتن و لە نێوان بڵێسەکانی ئاگرەکە لە یەکتریان دەروانی. ئەوان لە ژیانی پێشوویاندا ئاشقی یەکبوون، بەڵام هیچ کات پێک نەگیشتبوون.
مردوە تازەکە هەموو شەوێ سەری لە گۆرەکەی دەردەهێنا و سەیری مردوەکانی دیکەی دەکرد، ئەو مردوانەی کە تاکو زیندوو بوون هیچکات رێگەیان پێنەدەدرا ئەو کارانە بکەن.
لە ترس و لە سەرمان تاکو بەیانی لە ناو قەبرەکەیدا دەلەرزی و خۆی خڕدەکردەوە، گۆرەکەی ئەوندە تاریک و سارد بوو کە دڵی بە ناچاری و بەزۆری لێیدەدا، وەکو سەگە بەرەڵایەک کە بە تەنیا خۆی پێ بریندارەکەی بڵێسێتەوە. چۆکەکانی دەخستە باوەشی و دڵداری خۆی دەدایەوە.
دوای چەند هەفتەیەک، مردووەکان زانیان کە مردووە تازە هاتووەکە لەو ماوەیەدا بۆ یەک شەویش نەهاتۆتە دەرێ، بۆیە بڕیاریان دا خۆیان سەردان و بەخێرهاتن و داوەتی کۆری شەوانەی خۆیانی بکەن. هەموویان بەرەو گۆری کەوتنە رێ و بانگیان کرد و داوایان لێکرد کە ترس و شەرمی بشکێنێت و لە گۆرەکەی بێتە دەرێ و پەیوەستی وان بێت.
پیاوە تازە هاتوەکە چی دیکە نەیدەتوانی خۆی بشارێتەوە . زۆر لە سەرخۆ و بە هێمنی  وەکو مارێک خۆی خزاندە دەرەوەی قەبرەکە، لە سەر کێلە بەردەکەی دانیشتو لە خەجاڵەتیان سەری داخست.
لە ئان و ساتێکدا، بێ دەنگیەکی تۆقێنەر قەبرسانی داگرت. مردوە تازکە خەریک بوو لە ترسان زراوی بچێت و دڵی بتەقێت و بە زاریدا بێتەدەرێ.
هەموو ناسیبویانەوە.
هەر هەموویان ئارەزویان ئەو رۆژە بوو کە هاتە دی. هێندێک لەو مردووانە هێرشیان کردە سەری،بەڵام ئەوانی دیکە رێگریان کرد. چەند کەسی دیکەش تفیان کردە خۆی و گۆرەکەی.
مردووە تازەکە لە ترسان و لە شەرمان ببۆ بە بەردێک و ‌غیرەتی جۆڵاندن  و سەربڵندکردنی خۆشی نەبوو. مردووەکانی دیکەش بە بێ دەنگی سەیریان دەکرد.
کەم کەم هەموویان بێ ئەوەی زیانی پێ بگەیەنن دەوریان چۆڵکردوو و گەرانەوە لای ئاگرەکەیان.
ئەو دوو مردوانەی کە هەموو شەوێک لە نێوان بڵێسە ئاگرەکە سەیری یەکتریان دەکرد هەر لە قەراغ قەبرەکەی مابونەوە.
دوای ئەوەی کە مردوە تازەکە توانی تەکانێک بخوا و بگرێتەوە ناو گۆرەکەی، ئەو دووانە توانیان بۆ یەکەم جار دەستی یەکتر بگرن و سەر بخنە سەر شانی یەکتر و بگرێنەوە لای ئاگرەکە.
ئەو شەوە، مردووە تازە هاتووەکە بۆ یەکەمین جار و ئاخرین جاری  لە گۆرەکەی هاتبۆ دەر، دوای ئەو شەوە،هیچ کەس ئەوی نەدیتەوە.
مردووەکانیش هیچ کات نەچونەوە سەر گۆرەکەی و پرسیاری بکەن، تەنانەت لەو شەوە بەدواوە باسیان نکردەوە. ئەوانەی کە لە دەورو بەری نێژرابوون هەر ئەو شەوە قەبرەکانیان گۆری.
بەڵام مردووەکان نەیاندەتوانی لە بیری کەن، چونکە هەموو شەوێ لە دوورەوە، رەشایی سەر و چاوی دیکتاتۆرێکیان دەدیت کە تا نیوەی لە گۆرەکەی دەردێنێت و دەروانێتە کۆری گەرمی دۆستانەو و ئاگرەکەیان. هەروەها دەیاندیت کە لە  سەرمای زۆر لێوەکانی خۆی دەکرۆژت و خوێنی لێدەهێنان.


و: ئالان عومەرزادە
ن:جەواد سەعیدی پوور

پنجشنبه، خرداد ۲۶، ۱۳۹۰

حەوتی پوشپەری ساڵی (١٣٦٦)ی هەتاویم چۆن تێپەر کرد؟



هەفت رۆژ لە مانگی یەکەمی هاوینی ١٣٦٦ی هەتاوی تێپەر ببوو. دارو درەختی باخەکان، گەڵاکانیان وردە وردە پانتر دەکرد تا میوە و بەرهەمەکانیان لە گەرمای بەهێزی هاوین بپارێزن. زۆر یەک لە گوندنیشنان بەرەو هەوار کٶچیان کرد بوو. ئاسمانی گوند، ساماڵ بوو هیچ پەڵە هەورێک لە ئاسماندا دیار نەبوو. پەرە سێلکەکان بە ئاسماندا سەمایان بوو، زەردی شامی ، زەنگوڵە ، بوڵبوڵ و ملەکان دەنگیان لە رووبار و دارستانی تەنیشت ماڵمان دەهاتە گوێ و تێکەڵ بە دەنگی مانگا و بزن و حیلەحیلی ئەسپ و هات وهاواری شوان  و قاو قیژی مناڵانی گوند دەبوو. هەموو ئەو نۆت و دەنگانە مووسیقایەکی خۆش و ئارامگریان دروست دەکرد. من تا لە گوند بووم هیچ کات لە بیستنی ئەم مووسیقایانە بێ بەش نەدەبووم،چونکە باوکم هەر لە گەڵ گەزینگی بەرەبەیانی منی لە خەو هەڵدەستاند. ئەم بەیانییەش وەک باقی رۆژەکانی دیکە پێش ئەوی بە دەنگی باوکم بەخەبەر بم، خۆم لە خەو هەستام، چونکە ئێوارەی رۆژی پێشوو لە گەڵ هاورێیەکم لە قەراغ ماڵمان چەند گوڵێکمان لە ناو گوڵزاری نەنکی هاورێکەم شاردبۆوە، ئەورۆژەش کاتیان بوو کە بپشکوون، ئێمەش قەرارمان دابوو کە پێش ئەوەی کەسێکی دیکە ئەو گوڵانە بیانچنێ، ئێمە بۆ خۆمانیان بەرین. دوای گەرانەوەمان لە گوڵ چنینەکە و هاتنەوەمان بۆ ماڵ ، زوو من گوڵەکانم خستنە ناو پەرداخێک ئاوەوە تا جوانتر بپشکوون و رەنگ وروویان بکرێتەوە دوایی پێشکەشی دایکمیان بکەم، چونکە دایکم بە بینینیان شاد دەبوو منیش لە شادی دایکم خۆشحاڵ دەبووم و لە گوڵەکانیش ئەنەرژی و وزەم وەردەگرت. دوای خواردنی بەیانی کە وەک هەمیشە یان ماست و پنیر بوو یان کەرە و هەنگوین چوومە دەرێ. ئەو رۆژە دوای چونە دەری، مەر و ماڵات و گوندنشینان بۆ سەر کەسپ و کاری مووچە و باغ و زەوی و زاریان، گوند بێ دەنگیەکی سەرسورهێنەر دایگرتبوو، دەنگی باڵندەکان کەمتر ببوو ،مەر وبزن ومانگاکان بەرەو   مەزرا ولەوەڕگاکان بردرابوون.
ئەو رۆژە، منیش وەک جاران زەوقی قومارکردن لە گەڵ هاورێکانم نەبوو،تەنیا لەبەر ئەوەی لە ماڵدا بەردەست وپێی دایکم نەگرم چوبوومە دەر، بە ناچاری لە گەڵیان دەستم بە قومارکرد. قومار کردنی منداڵی سەردەمی ئێمەش یان خستە خانە یان مێشن ،...  زۆر جاریش فیشەک تەقاندن بوو بێ ئەوەی لە ئاکام و زەرەرەکانی ئاگادار بین. بەبیرمە کە سەرەتای ساڵی تازە و نەورۆز هەر ئەو ساڵە بوو کە مانگێک پێشتر خۆمان بۆ ئاگڕ کردنەوەی نەورۆز ئامادەکرد بوو، فیشەکێکی زۆرمان کۆکردبوونەوە.  شەوی پێش رۆژی یەکەمی بەهار لە شاخی پشت ماڵان خستمانە ناو ئاگرەکەی نەورۆز، نائاگا لەوەی کە رووبەرووی گوندەکەمان پایەگای ئەرتەشە. دوای کە تەقەی ناو ئاگرەکە دەستی پێکرد، پایەگای روو بەروومان دەستی کرد بە تەقە ، دوای کە ئاگرەکەیان دی هاتن بۆمان ئێمەش بەرەو گوند رامان کرد، بەڵام بە داخەوە ئاگرەکەیان کوژاندینەوە. ئەو کات بارودۆخ زۆر هەستیار بوو شەڕی ئێراق و ئێران بوو و پێشمەرگەش لە گەڵ حکومەت دەرگیر بوو.
ئەو رۆژە دوای قومارێکی زۆر بۆ نانخواردنی نانی نیوەرۆ گەراینەوە ماڵێ . دوای کەمێک پشودان بە دەنگی فرۆکە شەڕکەرەکانی سەدام راپەرین، باڵندەکان لە خوێندن وەستا بوون و پەرەسێلکەکانیش لە سەماکردن، لە ناکاو تەم ومژێکی زۆر لە بەرزایەکی زۆری ئاسمانی دێ شەپۆڵی دەدان، باوکم گووتی:" شیمیایە". منیش سەرم سوورما تا ئەو رۆژە ناوی شیمیایم نە بیستبوو. گووتم:" شیمیایی! دووبارە  باوکم بە دەنگێک بەرز هاواری کرد گووتی: ئەرێ، برۆ دەستەسرەکەت تەڕکە  و بگرێ بە دەمتەوە . منیش وامکرد. باوکم دەیزانی شیمیای چیە؟ یان ئەوەی دیتبوونی کە چەند پەرە سێلکەو و باڵندە لە ئاسماندا گیانیان لە دەستدابوو کەوتبونە دەوروبەری. دەترسا بایەکە شیمیایەکە بەرەو گوند وئێمەش بێنێت.
چەند ساتێک دوای ئەوێ،  کاتژمێر چوار ونیوی دوای نیوەرۆ ئاسمانی شاری سەردەشتێش ئەو هەورێ رەشانەی بە خۆیەوە دیتن.فرۆکە شەڕکەرەکانی سەدام چوار بۆمبیان لە ئاسمانی شارەکە خستبۆ خوارەوە و سێ بۆمبیشیان لە گوندەکانی دەورو بەری ئالان بەردابوونە خوارەوە کە یەکێک لەو بۆمبانە پێش ئەوەی بگاتە ئەرز لە ئاسماندا تەقیبۆوە کە  جۆڵەی باکە  گازەکەی بەرەو ئاسمانی گوندی ئێمەهێنابوو.
دوای ئەو هێرشە درەندانەی سەدام،ئێران لە دەزگاکانی راگەیەندنی دا شاری سەردەشتی بە یەکەمین شاری قوربانی چەکی کیمیاوی ناوی برد، بەڵام شاری سەردەشت یەکەم و ئاخرین شوێن و ناوچە نەبوو ، بەڵکو لە ماوەی دەسەڵاتداری سەدام و شەڕی ئێراق و ئێران زۆر ناوچەی دیکەی کوردستانیش بەر ئەو هێرشە کیمیایە کەوتن کە بە هەزاران کەس بەم چەکە گیانیان لە دەستداو و بە هەزارانی دیکەش بەم چەکە دژە مرۆڤە زامدار و بریندار بوون. ئەوانەی کە تا ئێستاش لە ژیاندا ماون بە دەست زامەکانی ئەودەمەی ئەو چەکە دەناڵێنن. رژیمی سەدام بەردەوام لەو ماددە و گازانە کە بە ئۆرگان فۆسفۆرە( گازی خەردەڵ، ئەعساب و سوتێنەر) ناسرابوون دژی گەلی کوردی لە باشوور و رۆژهەڵات بەکار هێنا. بە کورتی کوردستان بە هەردوو بەشیەوە ببوونە قەڵغان و بەڵاگێرەوەی نەتەوەکانی فارس و عەرەب لەو شەڕەدا.



دوشنبه، خرداد ۲۳، ۱۳۹۰

کوردەکان لە باکووری کوردستان سەرکەوتنێکی مێژووییان تۆمارکرد


پاش ئه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ توركیا ئه‌نجامدرا، ژماره‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ كورد بۆ ئه‌و په‌رله‌مانه‌ بۆنه‌ 35 كورسی.

شایانی باسە کە، له‌خولی پێشووی‌ په‌رله‌مانی‌ توركیادا كورده‌كان 21 كورسییان هه‌بوو، به‌ڵام له‌م خوله‌دا 35 ئه‌ندامی‌ كورد بۆ په‌رله‌مانی‌ توركیا هه‌ڵبژێردران، هەروەها به‌پێی هه‌واڵی كه‌ناڵی ئاسمانی سی ئێن ئێن تورك، پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ( پارتی داد و گەشە پێدان  ) له‌ توركیا   نزیكه‌ی 53%ی ده‌نگه‌كانی ئه‌مڕۆی به‌ده‌ستهێناوه‌. هه‌ر به‌پێی راپۆرتی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان، پارتی گه‌لی كۆماری نزیكه‌ی 6.23%ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه‌، هه‌روه‌ها پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی 13% ده‌نگه‌كانی بردووه‌.

ئەمانە ش ناوی 35 كاندیدی كوردن، كە ئەمڕۆ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا سەرکەوتنیان بەدەست هێنا.


1.سەباحەت تونجەل/ ئیستانبوڵ
2.سیری سورەیا/ ئیستانبوڵ 
3.عبدالله لیڤینت/ ئیستانبوڵ
4.موراد بۆزلاك/ ئەدەنە
5.خەلیل ئاكسۆی/ ئاگری
6.ئیدریس بانیكۆل/ بینگۆل
7.حوسامەدین زیندەرلیۆغلو/ بەتلیس
8.لەیلا زانا/ ئامەد
9.خەتیب دیجلە/ئامەد
10.نورسەل ئایدۆگان/ ئامەد
11.ئامینە ئاینە/ ئامەد
12.ئەتلان تان / ئامەد
13.شەرەفەدین ئاڵچی/ ئامەد
14.ئیسات جەنان/ هەكاری
15.سەلاحەدین دەمیرتاش/ هەكاری
16.عادل كورد/ هەكاری
17.ئیرتوگلول كوركچو/مێرسین
18.مولكیە بیرتانە/ كارس
19.گولسەرێن یڵدرم/ ماردین
20.ئیرۆڵ دۆرە/ ماردین
21.ئەحمەد تورك/ ماردین
22.سیری ساكیك/ موش
23.دەمیر چەلیك/ موش
24.گوڵتان كیشناك/ سێرت
25.ئیبراهیم ئەیهان/ شانلورفا
26.ئەیسەل توگلوك/ وان
27.كەمال ئەكتاش/ وان
28.نازم گور/ وان
29.ئۆزدال ئوچەر/ وان
30.بینگی یڵدز/ باتمان
31.ئەیلا ئەكات ئەتا/ باتمان
32.حەسیب كەپلان/ شەرناخ
33.فەیسەڵ ساری یەڵدز/ شەرناخ
34.سەلما ئیرماك/ شرناخ
35.پەروین بوڵدان/ ئیگدیر


شنبه، خرداد ۲۱، ۱۳۹۰

زایش جنبش سبز وحکومت اسلامی ایران



دو سال پیش، در ۲۲ خردادماه ۱۳۸۸، انتخاباتی در ایران برگزار شد که پایانی مانند دیگر انتخابات‌های پس از انقلاب سال ۱۳۵۷ نداشت.اعلام نتیجه این انتخابات به نفع محمود احمدی‌نژاد به اعتراضاتی در ایران دامن زد که نظیر آن در تاریخ ۳۲ ساله جمهوری اسلامی دیده نشده است، اعتراضاتی که به تولد جنبشی با عنوان «جنبش سبز» انجامید.اگر تعریف درستی از جنبش سبز ارائە دهیم می توانیم بگویم کە  جنبش سبز، به سلسله اقداماتی اطلاق می‌شود که در آن معترضان به نتیجه انتخابات دهم ریاست جمهوری ایران، خواهان برکناری محمود احمدی‌نژاد پس از انتخابات شدند. رنگ سبز ابتدا به عنوان نماد طرفداران میرحسین موسوی انتخاب شد اما پس از انتخابات ۱۳۸۸ ایران و اعتراضات گسترده در واکنش به آن، این رنگ نماد اتحاد و امید کسانی به شمار می‌آمد که با انتخاب مجدد محمود احمدی‌نژاد مخالف بودند. میرحسین موسوی، مهدی کروبی و محمد خاتمی به عنوان «رهبران جنبش سبز» شناخته شده‌اند. در ایران این جنبش از انقلاب سال ۵۷ به بعد بی‌سابقه بوده‌است، با این تفاوت که این جنبش نسبت به انقلاب ۵۷ با شدت بیشتری سرکوب شده‌است.
دو سال پس از این انتخابات، هنوز صدها تن از معترضان، روزنامه‌نگاران، و فعالان سیاسی در زندان به سر‌ می‌برند، هنوز عوامل قتل عده‌ای از معترضان پس از انتخابات چون ندا آقاسلطان و سهراب اعرابی پا به دادگاه نگذاشته‌اند، و از وضعیت مهدی کروبی و میرحسین موسوی که در تولد جنبش سبز نقشی اساسی داشتند اطلاعی در دست نیست. جناح اقتداگرای حکومت اسلامی ایران خودشان خوب می دانند کە حرکت دموکراسی خواهی مردم ایران بە ثمر خواهد رسید، جدا از حرکت و جنبش دموکراسی خواهی منطقە کە کاخ و بنیان دیکتاتورها و حاکمان منطقە را ویران و بەلرزە انداختە است، امید بە پیروزی جنبش دموکراسی خواهی و آزادی مردم ایران را سرعت بخشیدە است. از همین رو دائما سرکوب را بیشتر می کنند و بر ظلم خود می افزایند، تا شاید به این وسیله بتوانند چنان ترسی در دل مردم به وجود آورند که جرات به پا خیزی و برانداختن نظام پوسیده کنونی را نداشته باشند.
ولی این دور باطل است، زیرا هر اندازه سرکوب را بیشتر کنند، مردم عاصی تر می شوند و جانشان بیشتر به لب می رسد و زودتر آماده به پاخیزی می گردند. یعنی، مقامات حکومت با دست خویش گور خود را می کنند. وضعیت اقتصادی ایران روز بە روز خراپتر می شود ، اضافە بر این با اجرا کردن  برداشتن یارانەها نرخ مایحتاج عمومی روز به روز بالاتر  رفتە و می رود، بی آن که درآمد مردم و قدرت خرید آنان افزایش یابد.
وضعیت اقتصادی ایران بە گونەای است کە تولید  کارخانەها روز بە روز پائین می آید و کارخانه های بیشتری از کار باز می ایستند، زیرا با کمبود مواد خام و یا مشکلات مالی و فنی و مدیریتی روبرو هستند. هم زمان، بی کاری بالا می رود و فقر بیشتر می شود و مصرف پائین می آید و اقتصاد پس رفت می کند.
در زمینه بین المللی، وضعشان روز به روز بدتر می شود. هر روز اتحادیە اروپا و امریکا تحریمهای یکجانبەی بیشتری بر مسئولان حکومتی بە خاطر نقض حقوق بشر و برنامەهای هستەایی حکومت اعمال می کند.
احمدی نژاد، گرچه از دیدگاه مردم و بسیاری از حاکمان رژیم فردی بی کفایت و بی بهره از لیاقت در اداره کردن امور کشور است، ولی خود را بزرگترین شخصیت سیاسی و مدیریتی دنیا می داند و عقده خود بزرگ بینی دارد و ادعای دولتی و مودت با امام زمان حضرت مهدی موعود را دارد و داعیه رسالت می کند و حاضر به سازش و آشتی نیست. او ماموریت خود می داند راه را برای ظهور امام زمان بگشاید و نمی تواند به خود اجازه دهد که پیش از آن، از کرسی قدرت پائین آید.
تا کنون به مجلس شورای اسلامی که وجود بی وجود آن یکی از نهادهای دموکراسی دروغین در حکومت اسلامی ایران است، بی اعتنائی کرده، ولی اکنون می خواهد آن را به طور کامل منحل کند و اگر هم نمی تواند و بازتاب خوبی نخواهد داشت، دست کم می خواهد آن را از قدرت بیاندازد و اختیارات را در دست خود قبضه کند.اختلافات احمدی نژاد با خامنەای روز بە روز بیشتر می شود. خوشبختانە امروز مردم ایران بە درک و سطح بالای هوشیاری و آگاهی سیاسی رسیدەاند و خوب می دانند کە این اختلافات هم، مثل قبل بازی موش وگربە است و  هیچ نفعی عایدشان نمی شود و همچنین خوب می دانند کە هیچکدام از این جناحها  خامنەای و احمدی نژاد نمی توانند دیگر جوابگوی مطالبات مردم باشند.

در یک کلام، حکومت پس از زایش جنبش سبز، از بیرون رنگ باخته و از درون سخت پوسیده است و برانداختن آن کاری دشوار نتواند بود. در صحنه بین المللی با فشار جهانی علیه برنامه های اتمی و نقص حقوق بشر روبروست، در جبهه داخلی به اوج بی کفایتی و هرج و مرج رسیده و در داخل حکومت هم جدل بر سر قدرت به ابعاد تازه ای رسیده است. در چنین واقعیتی، یک فشار سرنوشت ساز و یا یک رویداد مهم منطقه ای می تواند وضع حکومت ایران را به هرج و مرج بکشاند و موقعیتی به وجود آید که حکومت خود بخود فرو پاشد.

چهارشنبه، خرداد ۱۸، ۱۳۹۰

دڵۆپێک له‌ ده‌ریایه‌ک؛ بیره‌وه‌ریی سه‌ربازێکی سه‌دام له‌ کیمیاباران

                                                         


 

                                              
هەڵەبجە شارێکە لە باشووری کوردستان کە یەکێک لە گەورەترین کارەساتە دڵ تەزێن وخوێناویەکانی جیهان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تێایدا ڕویداوە. حکوومەتی بەعسی فاشی لە 16‌‌-مارسی-1988 بە کیمیابارانکردنی ئەم شارە زیاتر لە 5000 کەسی کردە قوربانی و بە هەزاران کەسیش بەم چەکە، بریندار کرد کە تا ئێستاشی لە گەڵ دابێت  تووشبوان بە دەست زامەکانی ئەم رووداوە دەناڵێنن.

عه‌لاوی حوسێن جاسم ئه‌ڵفتڵاوی، له‌ دایکبووی شاری بابل، یه‌کێک له‌و سه‌ربازانه‌ بووه‌ که‌ پێش قه‌ومانی کاره‌ساته‌که‌،‌ دوومانگ بووه‌ له‌ باشووری عێراقه‌وه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ باکوور [باشووری کوردستان] و له‌ فه‌وجی یه‌که‌می فرقه‌ی بیست و هه‌شتی سوپای ئێراق به‌ روتبه‌ی مه‌غاویر، له‌ ته‌وێله‌ له‌ نزیک هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستبه‌کار بووه‌ و تا رۆژی کاره‌ساته‌که‌ش‌ که‌ به‌ده‌ست سه‌ربازانی ئێرانی ئه‌سیر ده‌بێت، هه‌ر له‌و ناوچه‌یه‌دا ماوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و که‌ شاهیدی کاره‌ساته‌که‌‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ و من له‌ نۆڕوێژ دیتم، ده‌ڵێت: "له‌ ١٣/مارسی/1988 هێرشێکی به‌ر‌بڵاوی سوپای ئێران بۆ سه‌ر جه‌یشی ئێراقی له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌ستی پێکرد، سوپای ئێران به‌ هه‌موو هێزه‌که‌یه‌وه‌، به‌ هاوکاریی سوپای به‌دری ئێراقی و هێزی پێشمه‌رگه‌ خۆی بۆ ئه‌م شه‌ڕه‌ ئاماده‌ کردبوو، بۆیه‌ ئێمه‌ توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌مان نه‌بوو و دوای ٣ رۆژ به‌‌ربه‌ره‌کانی له‌ گه‌ڵ سوپای ئێران، جه‌یشی ئێمه‌ وره‌ وتوانای سه‌بازیی له‌ ده‌ستدا و به‌رپرسانی جه‌یش پێوه‌ندییان له‌ گه‌ڵ به‌غدا گرت تا هێز و یارمه‌تیی زیاتریان بۆ ره‌وانه‌ بکه‌ن، به‌ڵام به‌رپرسانی ئێمه‌ پێیان راگه‌یاندین که‌ سبه‌ی هێرشی کیمیاوی ده‌کرێته‌ سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌ و بۆیه‌ ده‌بێ خۆتان ئاماده‌ بکه‌ن."

ئه‌و سه‌ربازه‌ ئێراقییه‌ له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتیشی " له‌ رۆژی 16/مارسی/١٩٨٨دا، چه‌ندین فرۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ر کیمیابارانی ناوچه‌که‌یان کرد، ئه‌وکات جه‌یشی ئێمه‌ له‌ ئاماده‌باشیدا بوون، هه‌موو که‌لوپه‌لی‌ پێویستمان پێبوو، ئه‌و که‌ره‌ستانه‌ی ئێمه‌یان له‌ گازه‌که‌ ده‌پاراست، ئه‌وکاته‌ی فرۆکه‌کان گازه‌که‌یان به‌ هه‌ڵه‌بجدا کرد، من له‌ دووری چه‌ند کیلۆمه‌ترێک له‌ سه‌ر شاخێکی به‌رزبووم و ئاگاداری ناوچه‌که‌ بووم."

سه‌ربازه‌که‌ شایه‌دی ده‌دات که‌‌" به‌ چاوی خۆم دیمه‌نی شاره‌که‌م دیت چۆن دووکه‌ڵی لێ به‌رز ده‌بۆوه‌، ته‌نانه‌ت یه‌کێک له‌ فرۆکه‌کانیشم دیت که‌ بۆمبه‌کانی ده‌خسته‌ خواره‌وه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌روو که‌ "دوای چه‌ند سه‌عاتێک له‌ کیمیابارانکردنه‌که‌ سوپای ئێران ئێمه‌ی له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ گه‌مارۆ دا، شه‌رێکی قورس ده‌ستی پێکرد، زۆرێک له‌ جه‌یشی ئێمه‌ کوژران و زۆریشان به‌دیل گیران که‌ من یه‌کێک بووم له‌وان، دوای ئه‌وه‌ی ته‌واو فرقه‌که‌مان که‌وته‌ ده‌ست سوپای ئێران، ئێمه‌یان به‌ پێ له‌ گه‌ڵ خۆیانیان برد، له‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ماندا چه‌ندین که‌سمان له‌ دۆڵ و شیوه‌کاندا دیتن که‌ به‌ر کیمیاوی که‌وتبوون، چه‌ندین که‌س له‌ سه‌ربازی ئێرانی، سوپای به‌دری ئێراقی و پێشمه‌رگه‌، هه‌موویان له‌ ناو کوژراوه‌کاندا ده‌بیندران. دوایی که‌ ئێمه‌یان نزیک جاده‌ کرده‌وه‌ دیتمان کاره‌ساته‌که‌ یه‌کجار به‌فره‌وانه‌، که‌ نه‌ چاو هێزی دیتنی هه‌بوو و نه‌ منیش ئێستا ده‌توانم به‌ زمان وه‌سفی بکه‌م.

سه‌باره‌ت به‌ قوربانییه‌کان درێژه‌ به‌ قسه‌کانی ده‌دا و ده‌ڵێ: "له‌ منداڵ و ژن و پیر و گه‌نجه‌وه‌ بگره‌ هه‌تا باڵنده‌ و چوارپێ، هه‌موو زینده‌وه‌رێک که‌ کیمیایی به‌ر که‌وتبوو له‌ سه‌ر لێواری جاده‌ و رێگه‌ و دۆڵه‌کاندا که‌وتبوون، یان گیانیان له‌ ده‌ستدابوو یان خه‌ریکی به‌ربه‌ره‌کانی بوون له‌ گه‌ڵ مردن. ژماره‌ی کوژراو برینداره‌کان ئه‌وه‌نده‌ زۆر بوون که‌ له‌ ئه‌ژمار نه‌ده‌هاتن، ئه‌و ئوتومۆبیڵانه‌ی که‌ له‌وێش بوون ته‌نیا فریای راگواستنی بریندار و ته‌رمه‌کان بکه‌ون، بۆیه‌ ئێمه‌یان ناچار کرد که‌ به‌ پێ به‌ره‌و ئێران وه‌رێ بکه‌وین، له‌ رێگه‌دا خۆم شاهیدی ئه‌و سه‌یارانه‌ بووم که‌ پڕ بوون له‌ بریندار و جه‌نازه‌، ته‌نانه‌ت جار جار رایانده‌گرت و به‌ ئێمه‌یان ده‌گوت چاوکه‌ن که‌ چۆن هاورێ سه‌دامتان چی به‌ سه‌ر ئه‌م خه‌ڵکانه‌ هێناوه‌.

عه‌لاوی حوسێن جاسم ئه‌ڵفتڵاوی باسی ئه‌وه‌شی کرد که‌ "ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ راگه‌یاندنه‌کاندا باسی ٥٠٠٠ شه‌هید ده‌کرێت، به‌ڕای من زۆر که‌متره‌ له‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ دیتمان، چونکه‌ ئێمه‌ زیاتر له‌ رۆژێک به‌ره‌و سنوور رۆیشتین و له‌و رێگه‌یه‌دا ده‌مان دیت که‌ چۆن ئه‌و سه‌یارانه‌ ئاخنرا بوون له‌ مه‌یت و بریندار، سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ مه‌ده‌نییه‌ش که‌ له‌ کاره‌ساته‌کدا تێداچووبوون و ته‌رمیان له‌ سه‌ر زه‌وی که‌وتبوو".

عه‌لاوی زۆر به‌ ناره‌حه‌تییه‌وه‌ باسی مندالێک ده‌کات که‌ چۆن لاشه‌که‌ی بای کردبوو و له‌ سه‌ر زه‌وی که‌وتبوو، به‌ سه‌رسوورمانه‌وه‌ ده‌روانێته‌ من و ده‌ڵێت: "له‌وانه‌یه‌ بۆ تۆ که‌ له‌ نزیکه‌وه‌ ئه‌و دیمه‌نانه‌ت نه‌دیتوون، ئاسان بێت بیخه‌یه‌ سه‌ر کاغه‌ز، به‌ڵام بۆ من که‌ له‌ ناو جه‌رگه‌ی ئه‌وکاره‌ساته‌دا بووم زۆر ئاسته‌مه‌ که‌ وه‌سفی ئه‌و دیمه‌نه‌ دڵته‌زێنانه‌ بکه‌م، چونکه‌ دیمه‌نه‌کانی ئه‌و کاره‌ساته‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ به‌ سۆ بوون که‌ نه‌ چاو توانای سه‌یرکردنیانی هه‌بوو و نه‌ زمان توانای وسفکردن".

ئه‌و هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌ شه‌ڕی فاویشدا به‌شدار بووه‌ و مه‌رگی زۆر که‌سی دیتووه‌، ده‌لینگی پانتۆڵه‌که‌ی هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و شوێنی گولله‌یه‌کم نێشان ده‌دات که‌ له‌ شه‌ڕی فاودا له‌ گه‌ڵ سوپای ئێران به‌ری که‌وتووه. ئه‌و ده‌ڵێ: "راسته‌‌ من عه‌سکه‌ر بووم و له‌ زۆر بواردا له‌ ناو سوپای سه‌ددامدا خزمه‌تم کردبوو، ‌به‌ڵام هیچ یه‌ک له‌و کاره‌ساتانه‌ی دوای ئه‌و پێنج ساڵه‌ی که‌ له‌ خزمه‌تی سه‌ربازی دیتوومن، ناگاته‌ یه‌ک له‌ سه‌دی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی که‌ من له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ چاوی خۆم دیتمن."

سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌م که‌ داخوا بۆچی خه‌ڵکیش وه‌ک ئێوه‌ ئاگادار نه‌کرانه‌وه‌ که‌ شاره‌که‌ چۆڵ بکه‌ن، ده‌ڵێت: به‌ڕای سه‌دام حوسێن خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ خائین بوون، ئێمه‌شیان وا تێگه‌یاندبوو که‌ خه‌ڵکه‌که‌ یارمه‌تی دوژمنی داوه‌، بۆیه‌ به‌لای وانه‌وه‌ کارێکی ئاسان و ئاسایی بوو که‌ بیانکوژن" به‌ڵگه‌شی بۆ ئه‌و قسانه‌ی دادگاییکردنه‌که‌ی سه‌دام و عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیده‌ که‌ وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێ "زۆر بێشه‌رمانه‌ پاساویان بۆ کرده‌وه‌ دزێوه‌کانیان ده‌هێنایه‌وه‌ و کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌یان به‌ کارێکی دروست و ‌ره‌وا ده‌زانی، گوایه‌ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بچه‌ سه‌زاواری ئه‌و مه‌رگه‌ بوون."

عه‌لاوی دوایی باسی ئه‌و ئازار و ئه‌زیه‌تانه‌ ده‌کات که‌ له‌ زیندانه‌کانی ئێراندا رووبه‌روی بۆته‌وه‌، ئێستاش بیره‌وه‌رییه‌کانی کاتی زیندانیبوونی له‌ ئێران ئازاری ده‌ده‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌توانین له‌ چاوه‌کانی ئه‌و سه‌ربازه‌دا دونیایه‌ک شتی نه‌وتراو بدۆزینه‌وه‌ که‌ له‌ ناخیدا په‌نگیان خواردووه‌ته‌وه‌. ئه‌و دوای ده‌ ساڵ و دوو مانگ له‌ زیندانی ئێران ئازاد ده‌بێت، دوای گه‌رانه‌وه‌شی بۆ ئێراق رژیمی وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێ "سه‌دام سه‌د دۆلاری پێداوم تا ته‌مه‌نی به‌ فیرۆچوومی پێی بنیات بنێمه‌وه‌."

شایانی باسه‌ که‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دوای کیمیابارانکردنی شاری سه‌رده‌شت به‌ دووهه‌مین شاری کوردی دێته‌ ئه‌ژمار که‌ به‌ر ئه‌م چه‌که‌ کۆکوژه‌ی رژیمی پێشووی ئێراق‌ که‌وتووه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ربازه‌ش سه‌باره‌ت به‌م کاره‌ساته‌ ده‌یگێرێته‌وه، له‌وانه‌یه‌‌ دڵۆپێک بێت له‌ ده‌ریایه‌‌ک ئازار که‌ به‌ سه‌ر خه‌ڵکی زوڵملێکراوی کورددا هاتووه‌.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

                                                                                         

دوشنبه، خرداد ۱۶، ۱۳۹۰

چەندین جۆر خێزان لە نۆروێژدا بوونی هەیە؟



نووسینی:Av Anne M. Kaltenborn Lunde

بێ گومان شێوەیەکی هاوبەشی پێکهێنانی خێزان لە ناو هەموو فەرهەنگی گەلانی دوونیادا هەیە ئەویش شوکردنی کوروکچە، بەڵام لە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوادا ئێستاکە یاسا رێگەی داوە کە پیاو لە گەڵ پیاو و ژنیش لە گەڵ ژن ژیانی هاوبەش پێک بێنن.
بە پێی یاسای وڵاتی نۆروێژ، کەسانێک کە دەیان هەوێت ژیانی هاوبەش پێک بێنن دەبێت  پەیرەوی لە یاسای نۆروێژ بکەن،هەروەها نابێت تەمەنیان لە هەژدە ساڵ کەمتر بێت،بە پێچەوانە رێگە نادرێت و دژی یاسای نۆروێژە.هەروەها هەردوو کەسەکە دەبێت بەرپرسیار بن لە بەدیهێنانی منداڵەکانیان.
بە شودانی زۆرەملی؛
بە پێی یاسای نۆروێژ، هەمووکەس ئازادە ،خۆی بریار بدا کە چ کەسێک بێتە ناو ژیانیەوە وکەی ژیانی هاوبەش پێک بێنێت.دایک و باوک و یان کەسانی دیکە لە خزمان ئەو مافەیان نیە بڕیار بدەن،ئەوە قەدەغە و یاساغە کە کەسێک بی هەوێت بڕیار بۆ ژیانی هاوبەشی کەسانی دیکە بدات. و یان بە زۆری بیان هەوێت کەچەکەیان بەشوبدەن ویان ژن بۆ کورەکەیان بێنن.ئەگەر کەسێک بەو کارە هەستێت ئەوە تووشی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
ژیانی هاوبەش بە بێ گرێبەستی یاسایی- سامبورە:
زۆر کەس لە خەڵکی نۆروێژ پێکەوە دەژێن بێ ئەوەی ژێانی هاوبەشیان پێک هێنابێت،زۆر یەک لەوانەش منداڵیان دەبێت،بۆ سەرپەرشتی منداڵەکانیان ئەوان دەتوانن گرێبەستێک لە نێوان خۆیاندا بنوسن،ئەگەر ئەو کارە نەکەن ئەو کات سەرپەرشتی منداڵەکانیان دەکەوێتە سەر شانی دایکی.


لە بار بردنی منداڵ ؛
بە پێی یاسای نۆروێژئەو ژنانەی دەیان هەوێت منداڵ لە بەر خۆ بچوێنن رێگەیان پێدراوە بە مەرجێک دوانزدە هەفتەی تەواو نەکرد بێت،ئەوە دایکی منداڵەکەشە کە دەتوانێت بڕیار بدات کە منداڵەکەی لە بەر خۆی بچوێنێت،ئەگەر بڕیاریشی دا ئەوە دەتوانێت سەردانی دوکتۆر بکات.بنکەی تەندرووستی تەواو ئەو تاقیکردنەوانی کە پێویستن بۆ کۆنترۆڵکردنی ژنێکی زگپڕ بە خۆرایی ئەنجام و ئامادەیان دەکات، هەروەها،کارمەندانی بنکە رێنمایی ویارمەتی پێویستیان دەکەن.
لێک جیا بوونە و تەڵاقدان:
شتێکی یاساییە ئەگەر ژن و مێرد بیان هەوێت لێک جیاوەبن،لێک جیابوونەوە بەو مانایە کە ژن و مێرد یەک ساڵ بە جیا ژیان بەسەر بەرن،هەروەها بۆ ئەو کەسانەش کە تەڵاقیان وەرگرتووە.ئەگەر هاوسەرەکان منداڵی ژێر شازدە ساڵیان هەبوو،ئەوان دەبێ بچنە چاکسازی گشتی پێش ئەوی تەڵاق وەرگرن.دوایی ئەو کەسە کە لە گەڵ منداڵەکە دەمێنێتەوە پشتیوانی ماڵی دەکرێت.
توندوتیژی لەناو خێزاندا؛
لە نۆروێژ رێگە نادرێت کە توندوتیژی لە ناو ژن و مێردداهەبێت،هەروەها سەبارەت بە منداڵانیش رێگە نادرێت کە دایک و باوک توندوتیژیان لە بەرانبەر دا بکەن.ئەگەر ژنان روبەروی توندوتیژی بونەوە ئەوە دەتوانن داوای یارمەتی لە سەنتەری رووبەروبونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بکەن.ئەگەر ژنێک یان منداڵێک توندوتیژی بەرانبەر کرا ئەوە دەتوانێت بە زووترین کات جیا بێتەوە.

سەرچاوە:رۆژنامەی) ( Utropی نۆروێژی

دێدوبۆچوونی شاعیرانی کورد سەبارەت بە شیعری پۆست مودێرنیزمی کوردی



لە دوونیای ئەمرۆدا بە تایبەت لە ئورووپا و رۆژئاوا شیعروئەدەبیات بە هۆی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و پیشەسازی پەرەی ستاندووە وخەریکە خۆی لە قۆناغی پۆست مودێرنیزمیش تێپەردەکات، لە کوردستان و لە ناو لاوانی کوردیشدا ئەو ئوسڵوبە شیعرە بەرچاو دەکەوێت،تەنانەت هێندێک لەو لاوانە بەبێ ناسینی رابردویی ئەدەبی کوردی ئەو شێوازە شیعرە پەیرەودەکەن،بە مەبەستی شیکردنەوەی ئەو ئوسڵوب و شێوازە شیعرە چاوپێکەوتنێکمان لە گەڵ چەند شاعیری بە ئەزموون لە هەردوو پارچەی کوردستان "رۆژهەڵات و باشوور" سازدا،ئەوانیش بەم جۆرە دیدو بۆچونی خۆیان خستەروو.
سەرەتا ماموستا ئەحمەد نەزیری شاعیر و نووسەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە پەیرەوکردنی ئەم رێچکە شیعرییە گوتی؛بە باوەری من هیچ گەڵێک ناتوانێت بە بێ رابردوی ئەدەبی و فەرهەنگی خۆی هیچ ئیشک بەرەو پێشەوە ببات،ئێمەی کوردستانیش ناتوانین بە پاڵەپشتی فەرهەنگ و ئەدەبی بێگانە و بەفەراموشکردنی رابردووی ئەدەبی خۆمان کارێک ئەنجام بدەین.ئێمە رابردوێکی پڕشەنگدارمان هەیە بۆ نەموونە ئەگەر چاوێک بە شیعرەکانی کونی گەلەکەمان وەک بێسارانیدا بخشێنین وبەراوردیان بکەین لە گەڵ شاعیرانی دیکە دوونیا،بۆمان دەردەکەوێت کە لە هەموو بوارەکاندا لەوان پێشکەوتوتر بووە،ئەگەر ئێمە لە گەڵ رابردووی ئەدەبی خۆمان بەرەوپێشەوە برۆێن وخۆمان لە گەڵ گۆرانکاریەکانی جیهان بگونجێنین زۆر سەکەوتۆتر دەبین،ئەگەر نا نە ئەدەبیاتیشمان بەرەو پێشەوە دەچێت و نە بەوانیش دەگەین.
دوایی ماموستا کەریم دەشتی شاعیر ونووسەر لە باشووری کوردستان بەم شێوەیە را و سەرنجی خۆی دەربری؛شیعر هەر چەند تاکو ئێستا هیچ پێناسەیەکی دیاریکراوی بۆی نییە تا کو ئێمە بتوانین چەمکی شیعر و رەهەندەکانی شیعر بە سەر رارەوەکانی زەمەندا دابەش بکەین،بەڵام هەر زەمانە وجۆرێک ئیقاعی خۆی هەیە لە هەموو بوارەکانی ئەدەب و رۆشنبیری کوردیدا بەتایبەت لە شیعردا،ئێمەی کورد زەمانێکی زۆرە خەریکی هۆنینەوەی شیعرین،چونکە بە درێژایی مێژوو لە ژێر چەپۆکی داگیرکەران دابووین،بۆیە شیعر تاکە رێگایەک بووە بۆ ئەوەی بتوانین مەبەستەکانی خۆمان تییدا دەرببرین وبەرگری و داکۆکی لە نەتەوەکەمان بکەین،ئەمرۆکە شیعر بە هۆی ئەو هەموو پەرەسەندنە کە لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و پیشەسازیدا هاتۆتە کایەوە، تووشی گۆرانکاری بووە،بەڵام لەو باوەر دانیم کە لە کاریگەری رادەی شیعری کەمکردبێتەوە.من پێم وایە کە هەرچەند زیاتر بوارەکانی تەکنۆلۆجیا وبوارەکانی دیکە پێشکەوێ ئەوەندە زیاتر خەڵک لە شیعر نزیکتر دەکەوێتەوە،چونکە پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و بوارەکانی دیکە وا دەکات کە مرۆڤ لە بواری رووحانیەت دوور کەوێتەوە،رووحانیەت مەبەستم  ئەوەیە کە چۆن تۆ دەتوانی لە ناو ناخی خۆتدا بژی و جۆرێک لە هەستی شێعر درووست بکەیت.ئێستا بە پێی ئەو لێکدانەو رەخنەیانەی کە لە کوردستان هەیە،رێبازی جیا جیای شیعر هاتونەتە کایەوە،بەتایبەت ئێستا زۆر زەرەرمان لەو قۆناغە بەر کەوتووە،چونکە هەموو پەرەسەندنەکانی ئابووری و تەکنۆلۆجیا لە رێگەی مۆدێرنیتە هاتونەتە ئاراوە،بەڵام ئێستا ئێمە نەگەیشتوینەتە ئەو قۆناغە کە بە تەواوەتی هەست بەوبابەتە بکەین،بەڵام ئێستا جۆرێک لە مۆدی شیعری بە ناوی پۆست مۆدێرنیزمەوە هاتۆتە کایەوە کە من بۆ خۆم لە گەڵ ئەو جۆرە شیعرانە دانیم کە تەنیا مودێرن بن بەڵکو دەبێت لە ناوەرۆکەوە تەعبیر لەو رێبازە بکەن.ئەو رێبازانە زۆر گرنگن کە زیاتر تەعبیر لە پرۆژەیی رەخنەیی دەکەن نەک شیعر،جارێ ئەمن ناتونم کە ناوی بنێم کە ئەو شیعرە لە مۆدەی پۆست مۆدێرنیزمە یان مۆدێرنێتەیە،شیعر لە سەرەوەی وان دەژیت،ئێمە لە کاتێکدا بەو جۆرە شێوازە شیعرانە دەچین با هەولێکی ئەوەش بدەێن کە رابردوو کڵتوری خۆمان بخوێنینەوە،بۆ ئەوەی بیکەینە بناغەیەک و بۆ ئەوەی بشتوانین لە هەموو چەمکەکانی رەخنەیی ئێستاو داهاتوش بگەین.
ماموستا سوارەی فتووحی شاعیر و نووسەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێی وا بوو کە ئەم شەپۆڵە تازەی شیعر کە هاتۆتە کایەوە،لە مێژە بوونی هەیە،بەڵام بۆ ئێمە تازەیەو شاعیرە لاوکانمان بە شێوەیەکی لاواز وەریان گرتوە،بەرێزیان زۆرتر رووی لە شاعیرە لاوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو وگوتی؛بە بیرو بۆچوونی من ئەم بزوتنەوەی شیعریە کە تازە لاوەکان روویان تێکردوە دوو دەستەن،دەستەیەک کە لە شتەکە حاڵین،چونکە رابردووی ئەدەبی گەلەکەیان بە باشی دەزانن و بە ئاگاداری و وریایەوە هەنگاویان بۆ هەڵێناوەتەوە،بەڵام دەستەیەکی دیکە کە ئەو شێوازە شیعرییە پەیرەو دەکەن،شتەکانیان زۆر لاواز وەرگرتوە بەبێ ئەوەی رابردووی ئەدەبی خۆیان بخوێننەوە،ئەو دەستەیە لەوانەیە رابردوی ئەدەبی خۆشیان برۆخێنن و یان باوەریان بەرابردووی ئەدەبی کوردی نەبێت،بەو کارەشیان زیانێکی زۆر گەورە لە شیعری کوردی دەدەن.جا لێرەدا دەتوانم بە کورتی بلێم کە ئەو جۆرە شێوازە شیعرییە لە کوردستان بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان کێشەیەکی گەورەی لە ئەدەبیاتی کوردیدا ناوەتەوە،بەداخەوە ئەو بەشە بچوکەی کە راگەیاندنی کوردی لە ئێرانەوە بۆی رەخساوە  بەم جۆرە شیعرانە بەشێکی زۆری داگیر کردوە و ئەوە بۆتەوە هۆی ئەوە کە زۆر بەرهەمی باش پاشکەوێت و بواری وەی بۆ نەرەخسە کە چاپ بکرێت.
لێکدانەوەی ماموستا هاشم سیراج نووسە ر وشاعیر بەم جۆرە بوو کە تا رادەیەک جیاواز بوو لە بیر و بۆچوونی ئەوانی دیکە،گوتی؛شیعر حاڵەتێکی فەردانیەوە کە پەیوەستە بە حاڵەتێکی ئیستاتیکییەوە،بە نیسبەت ئەو پێشکەوتنانەی کە بە سە دوونیادا هاتووێن ئەوەش حاڵەتێکە کە پەیوەستە بە خودی شاعیرەوە کە دەتوانێت بەردەوام بێت لە رێگەکانی هەستەکانی و خوێندنەوەوە.
دەتوانم بڵێم کە حاڵەتەکان تێکەڵێن بە جیهانەوە،دەتوانم لە راستیدا ئاماژە بەوەش بدەم کە کڵتوری ئێمە بەشێکە لە کڵتورەکانی جیهانەوە،ئێمە بەس ناتوانین  بە تەنیا باسی کڵتوری کوردی بکەین و پێمان راست بێت،پێویستە تۆ شتی خەڵکانی دیکە بخوێنیەوە بۆ ئەوەی باشتر لە شتەکانی خۆت تێبگەیت،بەلای من گەنج و لاوەکانی کورد ئەو مرۆڤانەن کە بەهەرەی شیعریان تێدایە و بە هەستەوە شێعر دەنووسن،گەنج ئەگەر لە دوونیای خوێندنەوە و نووسین داببرێت ناتوانێت بەدەوام بێت لە دوونیای نووسین بە هیچ ئاکام ناگات،شیعر حاڵەتێکی دۆزەخی مەترسیدارە کە لە رێگای خۆنووسینەوەوە هاتۆتە کایەوە،زۆر جار لەوانەیە کە شتێک بنووسی کە لە بەرژەوەندی خۆت نەبێت،کەواتە پێویستە کە ئێمە بە شێوەیەکی ژیرانە و وردبینانەوە لە دوونیای شیعر بدوێین نەک بەر تەسکی بکەینەوە کە بڵێین ئەو گەنجە وادەکات یان بەم شێوەیە دەنووسێت،گەنج خۆی دەدۆزێتەوە و هەموو گەنجێکیش دوونیایەکی تایبەت بە خۆی هەیە.

تێبینی؛ئەم ریپۆرتاژە بۆ یەکەم جار لە هەرێم تیڤی ودوایی لە رۆژنامەی خەبات ژمارە ٢٣٠٥ بڵاو کراوەتەوە.