یکشنبه، آذر ۰۲، ۱۴۰۴

مینبەری بێ‌ئاگا و تۆوی ژەهراوی: کاتێک مەرگ دەکرێتە بیانوویەک بۆ کوشتنی ژیان

 


 مینبەری بێ‌ئاگا و تۆوی ژەهراوی: کاتێک مەرگ دەکرێتە بیانوویەک بۆ کوشتنی ژیان

لە پەراوێزی پرسەیەکی سارد لە باکووری زەوی

لە دڵۆپە ساردەکانی بەفری نەرویجدا، مرۆڤ پەنا دەباتە بەر گەرمایی ڕۆح. ئێمە بۆ ئەوە دەچینە مزگەوت، تا لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی ئازیزێکدا، دڵنەوایی و ئارامی وەربگرین. پرسە، لە ماهییەتی خۆیدا، ساتەوەختی بێدەنگییە، ساتەوەختی تێڕامانە لە پووچی دنیا و بەهاداریی ژیان. بەڵام ئاخۆ چی ڕوودەدات کاتێک "مینبەر" لە شوێنی بەخشینەوەی ئارامی، دەبێتە سەکۆیەک بۆ چاندنی تۆوی ئاڵۆزی؟

ئەمڕۆ، لەبەردەم تابووتی هاوڕێیەکدا، گوێمان بۆ مەلایەک ڕادێرا بوو. سەرەتاکەی جوان بوو؛ باسی "ڕێزگرتن لە دایک و باوک". وشەکان بۆن و بەرامەی وەفایان لێ دەهات، وەک ئەوەی قورئان و فەرموودە بانگێشەی بۆ دەکەن. بەڵام تراژیدیاکە لەوێوە دەست پێدەکات کە وتاربێژ، بێ ئەوەی ئاگای لە کێش و سەنگ و دەرئەنجامی وشەکانی بێت، لە پڕێکدا ڕێڕەوی ئاوەکە دەگۆڕێت. ئەو کاتێک دەیەوێت گەورەیی خزمەتکردنی دایک و باوک بەیان بکات، پەنا دەباتە بەر بەراوردکارییەکی مەترسیدار: "جیهاد".

بە دەنگێکی بەرزەوە دەڵێت: "لە فەرموودەی سەحیحدا هاتووە کە جیهاد گەورەترین پاداشتی هەیە..." لێرەدا، وشەکان چیتر تەنها دەنگ نین، بەڵکو دەبنە گوللە. لە دنیایەکدا کە چەمکی "جیهاد" لە زەینی گشتی و بەتایبەت لە ئەوروپادا، خوێن و سەربڕین و داعشی لێ بەرهەم هاتووە، ئایا هێنانەوەی ئەم نموونەیە تەنها نەزانینە یان یاریکردنە بە ئاگر؟

مێشکی گەنج: کێڵگەیەک بۆ چاندنی مەرگ

با لە ڕوانگەیەکی دەروونناسی و فەلسەفییەوە سەیری بکەین؛ گەنجێک کە لەم وڵاتە ساردەدا بە دوای ناسنامەی خۆیدا دەگەڕێت، کاتێک لە زاری مەلایەکەوە دەبیستێت "بەرزترین پاداشت جیهادە"، ئەو ناچێت لە کتێبەکاندا بەدوای تەفسیرە عیرفانییەکانی جیهاددا بگەڕێت (وەک جیهادی نەفس). ئەو، بەو ساده‌ییەی کە هەیەتی، وێنەی پاڵەوانێک لە خەیاڵی خۆیدا دروست دەکات کە شمشێر یان تفەنگێکی بەدەستەوەیە.

ئەمە هەمان ئەو ڕێچکە باریکەیە کە هەزاران گەنجی کوردی پێدا تێپەڕین و لە ئەوروپاوە بەرەو بیابانەکانی سووریا و عێراق کۆچیان کرد، نەک بۆ ژیان، بەڵکو بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لەو ئاگرەی کە جەستەی نیشتمانەکەیانی دەسووتاند. مەلایەک کە بێ ئاگا لە "زەمینە و کات" ، وشەی پیرۆز بەکاردێنێت بۆ مەبەستێک کە دەکرێت لێکدانەوەی شەیتانی بۆ بکرێت، وەک ئەوە وایە ژەهر بخاتە ناو هەنگوینەوە.

پارادۆکسی کورد بوون: ڕاکردن لە دۆزەخ و هەڵگرتنی پوقەکان

ئێرە ئەوروپایە، ئەو خاکەی کورد ڕووی تێکردووە بۆ ئەوەی لە دەست ستەم و توندوتیژی و ئەو دۆگمایانە ڕزگاری بێت کە ساڵەهای ساڵە نیشتمانەکەیان کردۆتە وێرانە. زۆربەی ئێمە قوربانی دەستی ئەو سیستەم و ئایدۆلۆژیا ئاینی و مەزهەبیانەین کە وڵاتە داگیرکەرەکان (ئێران، تورکیا، عێراق، سووریا) وەک چەکێک دژی ئێمە بەکاریان هێناوە. ئەوان بە ناوی ئاینەوە ئێمەیان ئەنفال کرد، سەریان بڕین و مافیان زەوت کردین.

کەچی لێرە، لە دڵی ئازادیدا، هەندێک لە وتاربێژانمان هێشتا هەمان ئەو ڕەتۆریک و گوتارە بەرهەم دەهێننەوە کە ئێمەی دەرکرد. ئەمە گەورەترین پارادۆکسی مێژووی ئێمەیە: "قوربانییەکە زمانی جەلادەکە بەکار دەهێنێتەوە بێ ئەوەی هەستی پێ بکات."

ئایا نابێت پرسیار بکەین: بۆچی دەبێت لە پرسەیەکدا، لەبری باسی لێبووردەیی، پێکەوەژیان، و خۆشەویستیی مرۆڤانە، باس لە چەمکێک بکرێت کە بۆنی خوێنی لێ دێت؟ ئایا ئیسلام هێندە هەژارە لە چەمکی مرۆیی کە تەنها دەبێت بە چەک و جیهادەوە شانازی پێوە بکرێت؟

کۆتایی: پێویستیی بەئاگاهاتنەوە

ئەمڕۆ لەو مزگەوتەدا، من تەنها گوێم لە وتارێک نەبوو، بەڵکو گوێم لە زەنگێکی مەترسیدار بوو. وشە وزەیە، وشە دەتوانێت ببێتە باڵ بۆ فڕین، یانیش ببێتە پەت بۆ خنکاندن.


ئەو گەنجەی کە گوێی لەو مەلایە گرت، ئەگەر هۆشیاریی فەلسەفی و مێژوویی نەبێت، دوور نییە سبەی ببێتە بۆمبێک و لە شەقامێکی ئەوروپا یان کوردستانە نە تەقێتەوە.

ئێمە پێویستمان بە "مەلای ڕۆشنبیر"ە، نەک "مەلای تۆمارکەر" کە تەنها دەق دەڵێتەوە بێ ئەوەی بیر لە ئاکامەکەی بکاتەوە. ئایین ئەگەر نەبێتە هۆی ئارامی و پێکەوەژیان، دەبێتە ئامرازێکی وێرانکەر. با ڕێگە نەدەین لەژێر ناوی "ئامۆژگاری"، نەوەکانمان بەرەو تاریکی پەلکێش بکرێن، لە کاتێکدا ئێمە بۆ ڕووناکی هاتووینەتە ئێرە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر