چهارشنبه، آذر ۱۲، ۱۴۰۴

پەناگەیەک لە تاراوگەی ڕۆح

 


پەناگەیەک لە تاراوگەی ڕۆح

١. کۆچ

من لە وڵاتێکەوە دێم

لەوێ ئازادی

لەبەر تاوانی هەناسەدان، لە سێدارە دەدرا.

لەو شاخانەوە دێم

کە هێشتا بۆنی فیشەک و بارووتیان لێ دەچۆڕێ،

لەو منداڵییەی

کە هەرگیز دەرفەتی پشکوتنی نەبوو.

لە تاراوگە،

ئاسمان شینتر بوو،

بەڵام هەورەکانی نەیاندەناسیم.

هەر بەیانییەک،

بە زمانێکی دی پێدەکەنیم،

شەوانیش، بە زمانێکی بێ‌ناو دەگریام.

لە خەوندا،

هەمیشە بە زمانی دایک

سڵاوم لە باڵندە کوژراوەکان دەکرد-

ئەو باڵندانەی ڕۆژگارێک

لەسەر درەختەکانی خوار ڕووبارەکە دەیانچریکاند.

٢. گفتوگۆ

ڕۆژێک، خاکی دایکم، هاتە خەونم و وتی:

"ڕۆڵە! بۆچی هێشتا بە شوێنمدا وێڵی؟

من لە ناو تۆدام،

لە خوێنبەری تاراوگەتدا،

لە هەناسەی کۆتایی هەر وشەیەکتدا."

وتم:

دایە! خاکی ئێرە ساردە، سارد

لێرە ڕیشەکانم ناڕوێن.

وتی:

"ڕیشە... خاکی ناوێ،

(یاد)ی دەوێ!

لە هەر کوێیەک (یاد) تۆوی ئەوین بچێنێ،

خاک لەوێ، سەرلەنوێ زیندوو دەبێتەوە."

٣. مانا

ئێستا دەزانم:

نیشتمان،

نە لە سنوورەکانە،

نە لە نەخشە و بەردنووسەکان.

نیشتمان،

تەنیا ئەو شوێنەیە

کە مرۆڤ لە ناخی خۆیدا، ئاشتی دەدۆزێتەوە.

من، لەم تاراوگەی ڕۆحەدا،

ئیتر ناگەڕێمەوە بۆ جوگرافیا؛

دەگەڕێمەوە بۆ "مانا".

ئەگەر ڕۆژێکیش

لەم خاکە نامۆیە بڕۆم،

دڵنیام...

ڕۆحی من، لە هەر کوێیەک ئەویندار بێ،

لەوێ... بۆ خۆی وڵاتێک ساز دەکات.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر