جیهانی سۆفیا: یەکەمین چەخماخەی عەقڵ و ڕێگەی ڕزگاریی
تاکی کورد
بۆ من، گەڕانەوە بۆ "جیهانی سۆفیا" تەنها گەڕانەوە
نییە بۆ ناو لاپەڕەکانی ڕۆمانێکی جیهانی، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ساتەوەختی بێداریی ئەقڵم.
ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر، کاتێک ئەم کتێبەم خوێندەوە، تێگەیشتم کە فەلسەفە وەک ئەوەی
وێنا کرابوو، کایەیەکی وشک و دوورەپەرێز نییە، بەڵکو زمانێکە بۆ ناسینی "خۆ"
و مێژوویەکی پڕ لە گومان بۆ دۆزینەوەی "ڕاستی". ئەمڕۆ کە سەیری کۆمەڵگەکەم
و ئازارە مێژووییەکانی نەتەوەکەم دەکەم، پتر لە جاران بڕوام وایە کە تەنها ڕێگەی ڕزگاریی
ڕاستەقینەی کوردستان و تاکی کورد، لە "ئەقڵانییەت و فەلسەفە"وە تێدەپەڕێت.
فەلسەفە: لە "ئەفسانە"وە بۆ "عەقڵ"
یۆستاین گاردەر لەم شاکارەدا پێمان دەڵێت کە فەلسەفە بە
"سەرسامی" دەست پێ دەکات. تاکی کورد، کە سەدەیەکە لەناو گێژاوی کارەسات و
ئازاردا دەژی، پێویستی بەم سەرسامییە و ئەم "گومانە مێتۆدییە" هەیە. ئێمە
وەک نەتەوەیەک، پێویستە لەو قۆناغە تێپەڕین کە هەموو شتێک وەک "قەدەرێکی مێتافیزیکی"
یان "سزایەکی ئاسمانی" ببینین. "جیهانی سۆفیا" فێرمان دەکات کە
مرۆڤ کاتێک دەبێتە خاوەنی خۆی کە بپرسێت: "من کێم؟". کاتێک تاکی کورد ئەم
پرسیارە لە خۆی دەکات، چیتر ڕێگە نادات ناسنامەکەی لە دەرەوەی ئیرادەی خۆی دابڕێژرێت.
مانا بەخشین بە ئازار: فەلسەفە لەبری مێتافیزیک
ئێمە نەتەوەیەکی پڕ لە برینین؛ ئازار بەشێکی دانەبڕاوە
لە بوونی ئێمە. بەڵام کێشەکە لێرەدایە: مێتافیزیکی ئاینی و سونەتی، هەمیشە هەوڵی داوە
ئازارەکانمان وەک "تاقیکردنەوەیەکی بێدەنگ" یان "خەونێکی ئەودونیا"
وێنا بکات، کە ئەمەش جۆرێک لە پاسیڤبوون (سستی) و قبوڵکردنی ستەمی لێ دەکەوێتەوە.
بە پێچەوانەوە، فەلسەفە مانا بە ئازار دەبەخشێت بەوەی
دەیکاتە "مەعریفە". خوێندنەوەی فەلسەفە لە "سۆفیا"وە بۆ
"سارتر" و "نیچە"، فێرمان دەکات کە ئێمە "بەرپرسین"
لە دروستکردنی مانای ژیانی خۆمان. ئازاری کورد نابێت ببێتە هۆی نائومێدی، بەڵکو دەبێت
ببێتە وزەیەک بۆ "یاخیبوونێکی فکری" و بونیادنانی نیشتمانێک کە لەسەر بنەمای
عەقڵ و دادپەروەری بێت، نەک لەسەر بنەمای خێڵ و خورافە.
بۆچی پێویستە هەموو کوردێک فەلسەفە بخوێنێتەوە؟
١. بۆ ڕزگاربوون لە
پاشکۆیەتی: فەلسەفە فێرمان دەکات چۆن بە عەقڵی خۆمان بیر بکەینەوە، نەک بەو شتانەی
کە لە ڕێگەی میدیا، ئاین و دەسەڵاتە ستەمکارەکانەوە پێمان دەگوترێت.
٢. بۆ تێگەیشتن لە جیهان:
"جیهانی سۆفیا" نەخشەی بیرکردنەوەی مرۆڤایەتیمان دەداتێ. تاکی کورد تا نەزانێت
جیهان چۆن دەژی و چۆن بیر دەکاتەوە، ناتوانێت شوێنی خۆی لەناو مێژوودا بدۆزێتەوە.
٣. بۆ بونیادنانی ئازادی:
ئازادیی سیاسی بەبێ ئازادیی فکری تەنها سەرابێکە. تا تاکی کورد لەناو خانەقا و حوجرە
و قاڵبە کۆنەکاندا بیر بکاتەوە، ناتوانێت دەوڵەت و نەتەوەیەکی مۆدێرن بونیاد بنێت.
وتەی کۆتایی: بانگەوازێک بۆ نەوەی نوێ
من داوا لە هەموو گەنجێکی کورد، لە هەموو خوێنەرێکی تینووی
ڕاستی دەکەم؛ با "جیهانی سۆفیا" تەنها کتێبێکی ناو کتێبخانەکانتان نەبێت،
بەڵکو بێشکەی لەدایکبوونەوەی عەقڵتان بێت. با لە سۆفیاوە فێری ئەوە بین کە "ژیانی
بێ تێڕامان، شایەنی ژیان نییە".
ڕزگاریی ئێمە لە دەستی هیچ هێزێکی دەرەکی و میتافیزیکیدا
نییە، ڕزگاریی ئێمە تەنها و تەنها لەناو ئەو "سەرسامییە فەلسەفییە"دایە کە
وا دەکات زنجیرەکان بپچڕێنین و وەک نەتەوەیەکی سەربەست، مانایەکی نوێ و شکۆدار بە ژیانمان
ببەخشین.
بخوێننەوە.. نەک بۆ ئەوەی زانیاری کۆبکەنەوە، بەڵکو بۆ
ئەوەی فێری "چۆنیەتی بیرکردنەوە" بن.

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر