پارادۆکسی «ئیسلامی
دێموکراتیک»: لە فێڵی مێژووییەوە بۆ داوی «میساقی میللی»ی نوێ
پێشەکی: تەنگژەی
چەمکەکان
لە نێوان فەلسەفەی
سیاسی و تیۆلۆژیای دەسەڵاتدا، چەمکی «ئیسلامی دێموکراتیک» وەک "پارادۆکسێک" (دژواتەیەک) دێتە بەرچاو. دیموکراسی
لەجەوهەردا لەسەر بنەمای «قەبووڵکردنی ڕەخنەی ڕادیکاڵ» و «سەروەریی مرۆڤ» وەستاوە، لە کاتێکدا ئیسلامی سیاسی لەسەر بنەمای «سەروەریی دەق» و «پیرۆزیی ڕەخنەنەبڕ» کار دەکات. پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا ئەوەیە:
ئایا گەڕانەوەی ئێستای عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چەمکی «پەیمانی مەدینە» و «ئیسلامی دێموکراتیک»، هەوڵێکە بۆ ڕزگاریی کلتووری، یان پردێکی
سیاسییە بۆ گەڕاندنەوەی کورد بۆ ناو بازنەی هەژموونی تورک؟
١. پەیمانی مەدینە: مانیفێستی پێکەوەژیان یان نەخشەی ژێردەستەیی؟
مێژوونووسانی ئیسلامی
«پەیمانی مەدینە» وەک یەکەم دەستووری مەدەنی وێنا دەکەن، بەڵام خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی
و ئەکادیمی دەری دەخات کە ئەم پەیمانە زیاتر لە «تەکتیکێکی سەربازی-سیاسی» دەچوو بۆ
جێگیرکردنی پێگەی پێغەمبەر لە ناو هۆزە دژبەرەکاندا.
هەر وەک لە مێژوودا
بینیمان، هەر کاتێک هۆزە جووەکانی وەک (بەنی قورەیزە و بەنی نەزیر) ویستیان وەک لایەنێکی
سەربەخۆ یان ڕەخنەگر مامەڵە بکەن، پەیمانەکە گۆڕدرا بۆ ئامرازی «ڕەوایی دان بە سزادان
و جینۆساید». کەواتە پەیمانی مەدینە نەک مۆدێلێکی دیموکراسی، بەڵکوو چوارچێوەیەکی
«قەبووڵکردنی ئەویتر بوو بە مەرجی بێدەنگی و گوێڕایەڵی». گواستنەوەی ئەم مۆدێلە بۆ
ئێستای کوردستان، مەترسییەکی گەورەی تێدایە؛ چونکە دیموکراسی بەبێ مافی «ڕەخنە لە ئایین»
و «جیاکردنەوەی دەسەڵات لە پیرۆزی»، تەنیا دەبێتە ناوێکی بریقەدار بۆ کۆیلایەتییەکی
نوێ.
٢. میساقی میللی: ئەو خەنجەرەی دووجار لە کورد دەدرێت
مێژووی هاوچەرخی
تورکیا پێمان دەڵێت کە «میساقی میللی» لە ساڵی ١٩٢٠دا، تەنیا فێڵێکی سیاسی بوو بۆ ڕاکێشانی
سۆزی کوردەکان و بەکارهێنانیان وەک قەڵغان لە شەڕی سەربەخۆیی تورکیادا. کاتێک تورکەکان
لەژێر ناوی «برایەتی ئیسلامی» و «پاراستنی خەلافەت» کوردیان هان دا، مەبەستیان پاراستنی
یەکپارچەیی خاکی عوسمانی بوو، بەڵام هەر کە دەوڵەتی
مۆدێرن دامەزرا، هەمان ئەو «میساقە» بوو بە پەتێک بۆ لەسێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران
و سەرکوتی ڕاپەڕینی ئارارات و دەرسیم. کێشەکە لێرەدا ئەوەیە: ئۆجالان دەیەوێت بە پینەکردنی
«پەیمانی مەدینە» بە «میساقی میللی»، پردێک دروست بکات کە تێیدا کورد چیتر داوای «دەوڵەت»
و «سەروەریی نەتەوەیی» نەکات، بەڵکوو لەناو "ئوممەتێکی دێموکراتیک"دا بتوێتەوە
کە ناوەندەکەی هێشتا هەر ئەنقەرەیە.
٣. گرێی دەوڵەت و هەڵاتن بەرەو ئایین
ئۆجالان بەهۆی ئەو
گوشارە فیکری و سیاسییەی لە گرتووخانەی ئیمراڵی لەسەریەتی، تووشی جۆرێک لە «گرێی کۆگنیتیڤ»
(تەنگژەی ناسین) بووە بەرانبەر بە چەمکی دەوڵەت. ئەو پێی وایە دەوڵەت-نەتەوە سەرچاوەی
هەموو بەڵاکانە و دەبێت کورد وازی لێ بهێنێت. بەڵام جێگرەوەکەی چییە؟ گەڕانەوە بۆ ناسنامەیەکی
ئایینی-ئیستیاتیکی کە هیچ گەرەنتییەکی یاسایی و نێودەوڵەتی نییە.
ئەم «پردە دیموکراتیکە»ی
ئەو باسی دەکات، لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ «سڕکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی». کاتێک کورد دەستبەرداری
سنووری جوگرافی و سەروەریی سیاسی دەبێت و تەنیا بە «ئازادیی کلتووری» لەناو چوارچێوەی
ئیسلامێکی گشتگیردا ڕازی دەبێت، ئەوا بە کردەیی خزمەتی پرۆژەی «نیۆ-عوسمانی» دەکات.
٤. بۆچی ئیسلام ناتوانێت دیموکرات بێت؟
لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە،
دیموکراسی پێویستی بە «گومان» و «ڕەخنە» هەیە. ئیسلام وەک سیستەمێکی یاسایی و سیاسی
(شەریعەت)، خۆی بە "حەقیقەتی ڕەها" دەزانێت. حەقیقەتی ڕەهاش ڕێگە بە دیالۆگ
نادات، بەڵکوو تەنیا ڕێگە بە «داوەت و گوێڕایەڵی» دەدات. بۆیە، کاتێک دەڵێین «ئیسلامی
دێموکراتیک»، وەک ئەوە وایە بڵێین «بازنەی چوارگۆشە»! ئەمە تەنیا یارییەکی زمانەوانییە
بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان.
ئەنجام: بەرەو هۆشیارییەکی
نەتەوەیی
پەیامە نوێیەکەی
ئۆجالان و هەوڵە هاوشێوەکانی لە ئێران و شوێنەکانی تریش، بەرهەمی شکستی پرۆژە سیاسییەکانن
کە دەیانەوێت لە ڕێگەی ئایینەوە شەرعییەت بۆ مانەوەی خۆیان لەناو سنوورە دەستکردەکاندا
پەیدا بکەن.
کۆمەڵگەی کوردی پێویستی
بە «دیموکراسییەکی دەستووری و مۆدێرن» هەیە کە تێیدا مرۆڤی کورد وەک «شارۆمەندێکی خاوەن
ماف و ناسنامە» بناسرێت، نەک وەک «بەندەیەکی گوێڕایەڵ» لەناو پەیمانێکی ١٤٠٠ ساڵەی
کۆندا. میساقی میللی و پەیمانی مەدینە، دوو ئەزموونی تاڵن کە تێیدا کورد هەمیشە قوربانی
بووە؛ گەڕانەوە بۆ ئەو ئەزموونانە لەژێر هەر ناوێکی دیموکراسیدا بێت، تەنیا دووبارەکردنەوەی
کارەساتە.
کورد دەبێ بزانێت:
هیچ ئایین و میساقێک جێگەی "سەروەریی سیاسی و یاسایی" ناگرێتەوە.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر