ناونیشان: خۆرگیرانی عەقڵ لە پەرستگای زانستدا؛
توێکارییەکی دیاردەناسی بۆ قەیرانی زانکۆی کوردی
پێشەکی: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ تاقیگەی
کۆمەڵناسی
دوێنێ شەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە میانەی
گفتوگۆی نێوان هاوڕێ ئەکادیمییەکانمدا، سەرنج دەخەمە سەر کۆمەڵێک "داتا"
و یادەوەریی تاڵ کە وەک برینێکی کراوە بە جەستەی زانکۆکانی باشووری کوردستانەوە
دیارن. ئەوەی سەرەتا وەک یادەوەریی سادەی مامۆستایەک یان دیمەنێکی ڕۆژانە
دەبینرێت، کاتێک دەخزێنرێتە ژێر وردبین (میکرۆسکۆب)ی شیکاریی فەلسەفی و
کۆمەڵناسییەوە، قەیرانێکی مەعریفیی قوڵمان بۆ ئاشکرا دەکات. من لێرەدا هەوڵم داوە
ئەو پارچە پەرش و بڵاوانەی ئەزموونی خۆم و هاوڕێکانم (مامۆستا سلێمان و دکتۆر قادر
و ئەوانی دی) لە چوارچێوەی تێزێکی ئەکادیمیدا کۆبکەمەوە، بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین:
ئایا ئێمە لە زانکۆدا خەریکی بەرهەمهێنانی مەعریفەین، یان پاسەوانیی نەزانی
دەکەین؟ ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ تواندنەوەی ئەو بەستەڵەکە چەقبەستووەی کە ڕێگری لە
هەناسەدانی عەقڵ دەکات.
یەکەم: زانست لەبەردەم دادگای ئاییندا؛ تراژیدیای
داروین و شانەدەر
لە بیرەوەرییەکانی هاوڕێیەکمدا، (مامۆستا سلێمان) کە
لە یەکێک لە زانکۆکانی کوردستان وانەی دەوتەوە، دیمەنێک دەبینین کە دەکرێت وەک
نموونەی باڵای "پێکدادانی شارستانییەکان" لە ئاستێکی لۆکاڵیدا تەماشای
بکەین. کاتێک مامۆستا باس لە تیۆری پەرەسەندنی داروین و بنەچەی مرۆڤ دەکات،
خوێندکارێک بە ناوی "تالب" هەڵدەستێت و بە چەکێکی دۆگماتیکییەوە
ڕووبەڕووی زانست دەبێتەوە: "حەدیس و ئایەت وا ناڵێن".
لێرەدا ئێمە لەبەردەم حاڵەتێکداین کە لە دەروونناسیدا
پێی دەگوترێت "نەسازیی
مەعریفی" خوێندکارەکە
تووشی شۆک دەبێت چونکە زانست چیرۆکێکی پێ دەڵێت کە پێچەوانەی ئەو گێڕانەوە
ئەفسانەییەیە کە ساڵانێک لەگەڵیدا ژیاوە. لەجیاتی ئەوەی عەقڵی بخاتە گەڕ بۆ
لێکۆڵینەوە، پەنا دەباتە بەر "میکانیزمی بەرگری". کێشەکە تەنها لە
"تالب"دا نییە، بەڵکو لەو سیستمە ئیدارییەی زانکۆدایە (سەرۆک بەش و
دکتۆرە عەرەبە ڕەزا سووکەکە) کە لەبری پارێزگاریکردن لە پیرۆزیی زانست، داوای
سانسۆرکردنی بابەتەکە دەکەن. ئەمە ساتەوەختی خۆبەدەستەوەدانی ئەکادیمیایە بۆ شەقام.
هاوشێوەی ئەمە، لە ئەزموونی هاوڕێیەکم لە زانکۆی کۆیە
(دکتۆر قادر وریا)، کاتێک باس لە ئەشکەوتی شانەدەر و مرۆڤی نیاندەرتاڵ دەکرێت،
خوێندکاران پەنا دەبەنە بەر "تیۆریی
پیلانگێڕی" و
دەڵێن: "ئەو ئێسکەپەیکەرانە ڕۆژاواییەکان هێناویانە بۆ ئەوەی قورئان بەدرۆ
بخەنەوە". ئەمە ترسناکترین جۆری هەڵهاتنە لە ڕاستی؛ چونکە کاتێک ناتوانیت
ڕاستییەکی مادی (Fossils) ڕەت
بکەیتەوە، بوونی ماددەکە دەخەیتە ژێر پرسیارەوە تەنها بۆ ئەوەی باوەڕەکەت نەڕوشێت.
لێرەدا زانکۆ لە ناوەندێکی توێژینەوەوە دەگۆڕێت بۆ سەنگەرێکی بەرگریی ئایدیۆلۆژی.
دووەم: لۆژیکی "کەسێتی" بەرامبەر لۆژیکی
"مەعریفە"
ئەزموونی شەخسیی خۆم لە زانکۆی سەلاحەددین ڕەهەندێکی
دیکەی ئەم قەیرانە کۆمەڵایەتییە دەخاتە ڕوو. کاتێک لە وانەیەکدا بۆ هاوپۆلەکانم
باسی "مافی ژن" و ڕۆڵی ئەوان لە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیەکاندا دەکەم،
هەموو ئارگیومێنتە فکری و مێژووییەکانم لەلایەن خوێندکارەکانەوە سفر دەکرێنەوە بە
یەک پرسیاری شەخسی: "مامۆستا جەنابت نوێژ دەکەیت؟".
ئەم پرسیارە لە فەلسەفەی لۆژیکدا بە هەڵەی "پەلاماردانی کەسێتی" (Ad Hominem) ناسراوە.
خوێندکاری کورد وا پەروەردە کراوە کە گوێ لە
"ناوەڕۆکی قسە" نەگرێت، بەڵکو تەماشای "ناسنامەی قسەکەر"
بکات. لای ئەوان، ئایین سیستەمێکی ئەخلاقیی ڕۆحی نییە، بەڵکو "ناسنامەیەکی
خێڵەکییە". ئەگەر تۆ لە خێڵەکە نەبیت (نوێژ نەکەیت)، کەواتە مافت نییە باسی
بەها باڵاکانی وەک "مافی مرۆڤ" بکەیت. ئەم عەقڵییەتە وای کردووە کە
زانکۆ نەتوانێت ببێتە پێشەنگی گۆڕانکاری، چونکە هێشتا بە پێوەرەکانی مزگەوت و
دیوەخان هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستا دەکرێت.
سێیەم: خیانەتی نوخبە؛ کاتێک پرۆفیسۆر دەبێتە دەروێش
کارەساتەکە تەنها لە خوێندکاردا نییە، بەڵکو دەگاتە
لووتکەی هەرەمی ئەکادیمی. وەک لە یادەوەرییەکانی دوکتۆر قادر وریا ئاماژەی پێداوە، گفتوگۆی لەگەڵ
پرۆفیسۆرێکی زمانەوانی هەبووە کە بە بڕوایەکی چەسپاوەوە دەڵێت: "زمانی ڕۆژی
دوایی هەیە و عەرەبییە".
ئەمە شکستێکی گەورەی ئیپستمۆلۆژی (مەعریفەناسی) یە.
چۆن دەکرێت کەسێک پسپۆڕی زانستێکی ئەزموونی بێت (زمانەوانی)، بەڵام سنووری نێوان
"فیزیک" (ئەوەی دەبینرێت و دەپێورێت) و "میتافیزیک" (ئەوەی لە
دەرەوەی ئەزموونە) تێکەڵ بکات؟ کاتێک مامۆستای زانکۆ ئەم تێکەڵکارییە دەکات، ئیتر
چاوەڕێی چی لە خوێندکار بکەین؟ ئەمە پێمان دەڵێت کە بڕوانامە لە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستدا تەنها کاغەزێکە و نەبووەتە هۆی گۆڕینی "سراکتووری عەقڵ".
ڕێگەچارە:
چۆن ئەم بەستەڵەکە دەتوێتەوە؟
ئەم بیرەوەرییانە پێمان دەڵێن کە
"مۆدێرنیتە" لە کوردستان تەنها بینا و ئۆتۆمبێل و مۆبایلە، بەڵام
"عەقڵ" هێشتا لە ئەشکەوتی خورافیاتدایە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە
مەترسیدارە، پێویستمان بە "شۆک"ێکی فکری هەیە، نەک سازشکردن:
1.
جیاکردنەوەی
مەوداکان: دەبێت
لە پڕۆگرامی خوێندندا بە ڕوونی باس بکرێت کە زانست باسی "چۆنیەتی کارکردنی
گەردوون" دەکات (How)،
و ئایین باسی "مانای گەردوون" دەکات
(Why). کاتێک حەدیسێک دەهێنرێت بۆ ڕەتکردنەوەی
ئێسکەپەیکەرێک، ئەوە بەکارهێنانی ئامرازێکی هەڵەیە بۆ شوێنێکی هەڵە. (ناتوانیت بە
تەرازووی تەماتە، پلەی گەرمی بپێویت!).
2.
وەستانەوە
بەرامبەر پۆپۆلیزمی ئایینی: مامۆستای
زانکۆ دەبێت واز لە ڕۆڵی "ڕازیکەر" بهێنێت. زانکۆ شوێنی ئاسوودەیی نییە،
شوێنی "تێکدانی ئاسوودەییە بۆ گەیشتن بە ڕاستی". ئەگەر دکتۆر قادر و
مامۆستا سلێمان و جەنابت کە ئێستا ئەو بابەتە دەخوێنیتەوە و ماموستای زانکۆی، لەبەر ترسی خوێندکار پاشەکشە بکەن، داهاتوویەک بەرهەم
دێت کە داعش تێیدا نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی عەقڵیەتەکە دەکات بە قات و بۆینباخەوە.
3.
فێرکردنی
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی (Critical Thinking): خوێندکار
دەبێت فێر بکرێت کە "پرسیارکردن لە پیرۆزییەکان"، سووکایەتی نییە، بەڵکو
گەڕانە بەدوای دڵنیاییدا.
دەرەنجام: پێویستیی جیاکردنەوەی مەوداکان
لەسەر بنەمای ئەم داتایانە، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی
کە زانکۆی کوردی لەژێر هەیمەنەی "بەستەڵەکێکی ئایینی"دایە کە ڕێگە بە
هیچ چەکەرەیەکی زانستیی ڕاستەقینە نادات. چارەسەر تەنها لە ڕێگەی ئازایەتیی
فکرییەوە دێت.
ئێمە پێویستمان بە فەلسەفەیەکە کە فێرمان بکات:
"حەقیقەتی زانستی" و "حەقیقەتی ئایینی" دوو شتی جیاوازن.
زانست وەڵامی پرسیاری "چۆن؟" دەداتەوە، و ئایین وەڵامی پرسیاری
"بۆچی؟". کاتێک حەدیسێک دەهێنیت بۆ ڕەتکردنەوەی ئێسکەپەیکەرێک، یان
نوێژێک دەکەیتە پێوەر بۆ مافی ژن، تۆ خەریکی وێرانکردنی هەردووکیانیت؛ هەم
زانستەکە و هەم ئایینەکە.
تا ئەو کاتەی مامۆستای زانکۆ لە ترسی تەکفیر و
ڕازیكردنی گشتی، خۆی لە بابەتە زانستییەکان ببوێرێت (وەک ئەوەی مامۆستا سلێمان و
دکتۆر قادر ناچار کران بیکەن)، زانکۆکانمان تەنها بینایەکی کۆنکرێتین بۆ
بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو عەقڵییەتەی کە ساڵانێکە ئێمەی لە دواوەی کاروانی
شارستانییەت هێشتووەتەوە. کاتی ئەوەیە ئەو بەستەڵەکە بە تیشکی ڕەخنە و زانستی ڕووت
بتوێنرێتەوە، با چیتر نەهێڵین "نەزانی" پیرۆز بکرێت.
کۆتایی:
بەستەڵەکی ئایینی لە زانکۆکاندا تەنها بە تیشکی بەهێزی "زانستی ڕووت" و "فەلسەفەی بوێر" دەتوێتەوە. تا ئەو کاتەی مامۆستای زانکۆ لە ترسی "تەکفیر" باسی داروین نەكات، یان لەبەر خاتری "نوێژ" باسی مافی ژن نەكات، ئێمە لە بازنەیەکی داخراوی جەهالەتدا دەخولێینەوە. زانکۆ دەبێت ئەو شوێنە بێت کە تێیدا خوا و سروشت، ئیمان و عەقڵ، بە ئاشتیانە گفتوگۆ دەکەن، نەک یەکێکیان ئەوی دی "تیرۆر" بکات. ڕاستی تاڵە، بەڵام وەک دەرمانی کیمیایی وایە؛ دەبێت بیخۆیتەوە بۆ ئەوەی شێرپەنجەی نەزانیت چارەسەر بێت.

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر